وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 20ـی ئابی 2026، ڕەتی کردەوە هیچ شاندێکی سەربازیی وڵاتەکەی لە کاتی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا لە ناو بنکە ئاسمانییەکەی سوریا ئامادە بووبێت.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی لەسەر پێویستیی ڕاگرتنی “هێرشە بێپاساوەکانی ئیسرائیل” کردەوە و داوای کرد بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لە سوریا و ناوچەکەدا، پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەنقەرە بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی سوریا بۆ گەشەپێدانی تواناکانی و ژێرخانی سەربازیی، و ئاماژەی بەوەش کرد کە “پێشێلکردنی سەروەری و پارچەنەکردنی خاکی سوریا بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە.”
هەروەها وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد کە هێزەکانی داگیرکاریی ئیسرائیل بەرەو ناوچەی “تەل کروم” لە نزیک خان ئەرنەبە لە پارێزگای قونەیترە لە باشووری ڕۆژئاوای سوریا پێشڕەوییان کردووە.

