zagros news agency

عەبودی: دوای ١٠٠ ڕۆژ لە دەستبەکاربوونی حكومه‌ت، هەموو هێز و چەکێک دەبێت تەنها لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتدا بێت

 

ئەمڕۆ هەینی، حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق، ڕایگەیاند کە حکومەتەکەی عەلی فالح زەیدی، ١٠٠ ڕۆژی یەکەمی کارەکانی وەک سەرەتایەک بۆ ڕێڕەوێکی ڕوونتر بە مەبەستی چەسپاندنی سەروەریی دەوڵەت دەبینێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە لەو کاتەوەی حکومەت لە ١٤ی ئایاری ٢٠٢٦ متمانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بەدەستهێناوە، کار بۆ جێبەجێکردنی ئەولەویەتە نیشتمانییەکان و چارەسەرکردنی دۆسیە گرنگەکان دەکات بە لۆژیکی دەوڵەت کە بەرژەوەندیی عێراق و داواکاریی هاووڵاتیان دەپارێزێت.

عەبودی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) وتی: “دوای تێپەڕبوونی سەد ڕۆژ و ئەنجامدانی پانزە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، حکومەت لە ڕۆژی یەکەمەوە پێوەرەکەی بریتی بووە لە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی لە بڕیاردان، چەسپاندنی سەروەریی دەوڵەت، پاراستنی بڕیاری نیشتمانی لە دەستێوەردان و بەهێزکردنی پەیوەندییە دەرەکییەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش.”

وتیشی: “دوپاتی دەکەینەوە کە بەرەو دەوڵەتێک هەنگاو دەنێین کە پارێزگاری لە ڕۆڵەکانی دەکات، چارەسەری ئاڵێنگارییە کۆن و نوێیەکان دەکات و بەردەوام دەبێت لە چاکسازیی دامەزراوەیی و ئابووری، کە ڕاستەوخۆ ژیانێکی شایستە بۆ گەلی عێراق دابین دەکات و ڕێگری لەو مەترسییانە دەکات کە هەڕەشە لە داهاتی گشتی دەکەن.”

وتەبێژی حکومەت ئاماژەی بەوەش کرد کە حکومەت چاوەڕێی ٣٠ی ئەیلولی داهاتوو دەکات وەک وێستگەیەکی یەکلاکەرەوە لە تەواوکردنی ڕێڕەوی سەروەریی نیشتمانی، تاوەکو عێراق لە بڕیار، ئاسایش و خاکەکەیدا ببێتە دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریی تەواو و هیچ ئیرادەیەک لە دەرەوەی دامەزراوەکانی بەسەریدا نەسەپێنرێت و هیچ ئامرازێکی هێز لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نەمێنێتەوە.

ڕوونیشیکردەوە کە جێبەجێکردنی ئەم ڕێڕەوە پشت دەبەستێت بە دەسەڵاتە دەستووری و یاساییەکانی حکومەت و پابەندبوونی بە کارنامەکەی بۆ چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت و سنووردارکردنی چەک و هێز تەنها لە دەستی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان. جەختیشی کردەوە کە ئەمە بڕیاری دەوڵەت و پابەندییەکی دەستوورییە بۆ پاراستنی خاک و بڕیاری نیشتمانی.

لە کۆتاییدا عەبودی دوپاتی کردەوە کە “سەروەریی عێراق جێگەی دابەشکردن نییە”، هاوکات عێراق بەڕووی دەوروبەری هەرێمی و نێودەوڵەتیدا کراوەیە و پەیوەندییەکانی لەسەر بنەمای ڕێزی یەکتر و بەرژەوەندیی هاوبەش بنیاد دەنێت وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ کە توانای بڕیاردان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆی هەیە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار

ئه‌مریكا وه‌ڵامی سه‌در ده‌داته‌وه‌

یاسین

ئیسرائیل پلانی زیارەتکردنی جووەکان بۆ مزگەوتی ئەقسای پەسەند کرد

یاسین

له‌ سووریا ماده‌ی هۆشبه‌ر كراوه‌ته‌ نێو میوه‌ی‌ پلاستیكی و مه‌حاویله‌ی كاره‌باوه‌ و نێردراوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌

سەڵاح