zagros news agency

لە عێراق زیاتر لە 10 هەزار مێگاوات کارەبا بەهەدەر دراوە

 

لێژنەی کارەبا و وزەی پەرلەمان ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو عەلی وەهیب، وەزیری کارەبا و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای وەزارەتەکەی بانگهێشتی پەرلەمان دەکەن، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پلانی ستراتیژیی وەزارەتەکە و ئامادەکارییەکانی ساڵی 2027، و تیشکخستنە سەر کێشەی بەفیڕۆچوون و پەککەوتنی وزەی کارەبا.
لەوبارەیەوە نوورا جەحیشی، ئەندامی لێژنەکە، بە شەفەق نیوزی ڕاگەیاند، وەزارەتی کارەبا 22 هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەڵام تەنیا نزیکەی 10 هەزار مێگاوات دەگاتە دەست هاووڵاتییان و زیاتر لە 10 هەزار مێگاواتی تریش لە تۆڕەکانی دابەشکردندا بەفیڕۆ دەچێت، کە ئەم دۆخە بە دەستبەرداربوون لە سامانی گشتی و دەروازەیەکی گەندەڵی دەبینێت.
جەحیشی ئاماژەی بەوەش کرد کە بەفیڕۆچوونی کارەبا زیاتر لە کەرتی دابەشکردندایە، چونکە بڕێکی زۆر لەو وزەیە بۆ کۆمەڵگە نیشتەجێبوونە نایاساییەکان، مۆڵ، کارگە و کۆمپانیاکان دەچێت و بە لای ئەوەوە ئەمە بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و وزەی کارەبایە.
هاوکات ناوەندی ئیکۆ عێراق، کە تایبەتە بە کاروباری ئابووری، ئاشکرای کردووە کە نزیکەی 55%ـی ئەو وزەی کارەبایەی لە عێراق بەرهەم دەهێنرێت، بەهۆی سەرپێچی لەسەر تۆڕەکان و بەستنی نایاساییەوە لەدەست دەچێت.
ئەم پەرەسەندنانە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی هەفتەکانی ڕابردوودا، لەگەڵ بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق کەمی کردووە و لە هەندێک ناوچەشدا کارەبا بەتەواوی بڕاوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

پەیامی پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی (٥٤)یەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان

یاسین

ئێران هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هێرشی ئیسرائیل دەکات

سەڵاح

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی هۆلەندا لە عێراق دەکات

یاسین