zagros news agency

زەیدی داوای «شۆڕشێک» لە یاسا و یاساداناندا دەکات

 

سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، عەلی فالح زەیدی، جەختی کردەوە کە عێراق پێویستی بە «شۆڕشێک» لە یاسا و پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکاندا هەیە، لە نێویاندا یاسای حەشدی شەعبی و سندوقی گەشەپێدان، هاوکات داوای بەهێزکردنی هەماهەنگیی نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەسەڵاتی یاسادانانی کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی فالح زەیدی پێشوازی لە ڕێبوار هادی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمان و ئەندامانی لیژنەکە کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا چەندین دۆسیە و پڕۆژەیاسای پەیوەندیدار بە کاری هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانان تاوتوێ کران و جەخت لەسەر ئاسانکاری و پەلەکردن لە پەسەندکردنی ئەو یاسایانە کرایەوە کە پێوەندییان بە ژیانی هاووڵاتییان و کارایی دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە هەیە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بە گرنگیی نۆژەنکردنەوە و گەشەپێدانی سیستمی یاسادانان کرد بە جۆرێک کە لەگەڵ پێداویستییەکانی گەشەپێدان، هاندانی ئابووری، سەروەریی یاسا و تۆکمەکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بگونجێت.

جەختیشی کردەوە لەسەر بەکارهێنانی ڕێکارە دەستووری و یاساییەکان بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە و بابەتە نیشتمانییەکان.

زەیدی باسی لەوە کرد کە وڵات پێویستی بە شۆڕشێکی یاسایی هەیە، چونکە چەندین پڕۆژەیاسای گرنگ هەن کە پێویستیان بە پەسەندکردنی بەپەلە هەیە؛ لە سەرەوەی هەموویانەوە «یاسای حەشدی شەعبی» و «یاسای سندوقی گەشەپێدان» لەگەڵ بڕێک پڕۆژەیاسای دیکەدا.

لە لایەنی خۆیانەوە، سەرۆک و ئەندامانی لیژنەی یاسایی پەرلەمان پشتیوانیی تەواوی خۆیان بۆ هەنگاوە چاکسازییەکانی حکومەت لە بوارە یاساییەکان، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، جێبەجێکردنی بەرنامەی وەزاری و سیاسەتە ئابوورییەکان دەربڕی و بەڵێنیان دا بەردەوام بن لە کارەکانیان بۆ خزمەتی هاووڵاتییان و بەهێزکردنی سەقامگیری.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەنجومەنی وەزیران كۆبوونەوەی ئاساییی خۆی دەكات

سەڵاح

بریتنی سپێرز چارەسەری دەروونی وەردەگرێت

ART

پێنتاگۆن: ژێردەریایی دەنێرین بۆ هاوکاریکردنی ئیسرائیل

یاسین