لە پێناو پاراستنی ژینگە و بەرزکردنەوەی ئاستی تەندروستی گشتی، پارێزگای دهۆک بە هەماهەنگی لەگەڵ شارەزایانی وڵاتی هۆڵەندا، هەنگاوەکانی بۆ داڕشتنی یاسایەکی سەردەمیانە بۆ بەڕێوەبردنی پاشماوە ڕەقەکان (Solid Waste) دەستپێکرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆبوونەوەیەکی فراوان لە شاری دهۆک بە سەرپەرشتی ماجد سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆک و بە ئامادەبوونی بریندار حەیدەر، قایمقامی قەزای دهۆک و دڵشاد عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی پارێزگاکە بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا، ڕەوشەن ئەترووشی، بەڕێوەبەری نووسینگەی عێراقی ڕێکخراوی VNG و هەر دوو پسپۆڕی هۆڵەندی “رۆب ڤان ئێڵدێک” و “دۆرۆس کلۆمبێرگ” لە شاری ڕەیدنی هۆڵەنداوە بە شێوەی ئۆنلاین بەشدارییان تێدا کرد.
ئەم دەستپێشخەرییە لە چوارچێوەی پڕۆژەی (SDLG) دێت کە لەلایەن ڕێکخراوی VNGی هۆڵەندییەوە پشتگیری دەکرێت. ئامانجی سەرەکی پڕۆژەکە داڕشتنی چوارچێوەیەکی یاسایی و زانستییە بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پاشماوە ڕەقەکان، بە جۆرێک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ ستانداردە جیهانییەکان بۆ پاراستنی پاکوخاوێنی و ژینگەی دەڤەرەکە.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر خێراکردنی ئامادەکردنی ڕەشنووسی یاساکە کرایەوە. بڕیارە دوای تەواوبوونی، ڕەشنووسەکە ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت بە مەبەستی تاوتوێکردن و پەسەندکردنی کۆتایی، تا ببێتە بنەمایەکی یاسایی بۆ کارکردنی دامودەزگاکان لەم کەرتەدا.
ماجد سەید ساڵح، جێگری پارێزگاری دهۆک، دووپاتی کردەوە کە ئیدارەی پارێزگاکە هەموو ئاسانکاری و پشتیوانییەکی تەواو پێشکەشی ئەم پڕۆژەیە دەکات. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم یاسایە دەبێتە وەرچەرخانێکی گرنگ لە کەرتی ژینگە و تەندروستی و خزمەتێکی گەورە بە دانیشتووانی سنوورەکە دەگەیەنێت.
جێی ئاماژەیە، ئەم پڕۆژەیە بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی پارێزگای دهۆک بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو لە بواری پەرەپێدانی ژێرخانی خزمەتگوزاری و پاراستنی سروشت.

