ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، چەند ڕێنمایی و فەرمانێکی نوێی ئاراستەی دەزگا ئەمنییەکان کرد سەبارەت بەو ڕووداوەی لە ناوچەی “دەورە” لە باشووری بەغداد ڕوویدا و بووە هۆی شەهیدبوونی دوو کارمەندی ئەمنی.
زەیدی لە بەیاننامەیەکدا کە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) کەوتووە، ڕایگەیاند: “بە ماتەمینییەوە هەواڵی شەهیدبوونی دوو پاڵەوانی هێزە ئەمنییەکانمان ڕادەگەیەنین کە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی نیشتمانی و پیشەیی خۆیاندا بۆ چەسپاندنی یاسا و نیشاندانی دەسەڵاتی دەوڵەت لە ناوچەی دەورە، شەهید کران.”
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەو دوو شەهیدە بریتین لە (عەمید هیشام محەمەد تەلاع، بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی ئەمانە لە کەرخ) و (خالید عەباس لەفتە، کارمەندی ئەمنی)، کە لە لایەن “دەستێکی غەدر و لەیاسا دەرچووانەوە” کرانە ئامانج، لەو کاتەی یاوەری تیمە خزمەتگوزارییەکانیان دەکرد بۆ لادانی زیادەڕۆییەکان لە دەوروبەری ناوچەکانی (دەورە، کەرارە و حی دیجلە). زەیدی جەختیشی کردەوە کە خوێنی پاکی ئەوان بەفیڕۆ ناچێت.
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەش کرد کە لە نزیکەوە چاودێری دۆخی تەندروستی بریندارانی وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانبەرانی ئەمانەی بەغداد دەکەن و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ خواستن.
فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان دووپاتی کردەوە: “ئەم دەستدرێژییە تاوانکارییانە بۆ سەر دامەزراوە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان، حکومەت سارد ناکاتەوە لە بەردەوامبوون لە هەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی سەروەری یاسا و ڕاوەدوونانی ئەوانەی یاری بە ئاسایشی نیشتمان و هاووڵاتیان دەکەن.”
لە کۆتاییدا، زەیدی فەرمانی بە دەزگا ئەمنییەکان کرد کە ڕێکارەکان توندتر بکەن، ناوچەی ڕووداوەکە گەمارۆ بدەن و هەر کەسێک تێوەگلابێت لەم کارە تاوانکارییەدا دەستگیر بکرێت و ڕادەستی دادگا بکرێت، هەروەها وەڵامێکی توندی هەر لایەن و کەسێک بدرێتەوە کە بیەوێت پەلاماری کارمەندانی دەوڵەت بدات یان شکۆی یاسا بشکێنێت، بەبێ هیچ چاوپۆشییەک.

