سەرۆکی ئەمریکا لە پێنجەمین ساڵیادی کوژرانی ١٣ سەربازی ئەمریکا لە کاتی کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان لە ئابی ٢٠٢١دا، دەستگیرکردنی بکەری سەرەکیی ئەم کوشتارەی ڕاگەیاند.
دۆناڵد ترەمپ بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک لە تۆڕی تروس سۆشیاڵ گوتی «یادی ١٣ پاڵەوانی ئازای ئەمریکایی بەرز ڕادەگرین پێنج ساڵ لەمەوبەر لە کابول بە شێوەیەکی کارەساتبار بە دەستی تیرۆریستانی جیهادی کوژران».
مەبەستی ترەمپ کوژرانی سەربازانی ئەمریکایی لەگەڵ ١٧٠ هاووڵاتیی ئەفغانی لە دەروازەی «ئابی گەیت»ی فڕۆکەخانەی کابول بوو بە هێرشێکی خۆکوژی لە کاتی کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان لە سەردەمی سەرۆکایەتیی جۆ بایدندا.
ترەمپ ئەم ڕووداوەی بە دەرەنجامی «کشانەوەی تەواو کارەساتباری جۆ بایدنی خەواڵوو» ناو برد و گوتی ئەمە یەکێک لە گەورەترین کارەساتەکانی مێژووی گەلەکەمان بوو و نابێت هەرگیز لەبیری بکەین ئەم ڕووداوە ئاکامی بێتوانایی ڕەهای جۆ بایدن و دیموکراتەکان بوو بەرپرسیارێتیی کارەکانیان لە ئەستۆ بوو.
شان پارنێل، ڕاوێژکاری باڵای وەزیری جەنگی ئەمریکا هاوکات ڕایگەیاند پێداچوونەوەی تەواوکاریی لێکۆڵینەوەکان لەبارەی هێرشەکە دەری دەخات هێرشبەرە خۆکوژەکە ئەندامی داعشی خوراسان بووە: «لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتی جەنگ لەبارەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ساڵی ٢٠٢١ لە فڕۆکەخانەی کابول، بووەتە هۆی دۆزینەوەی بەڵگەنامەی نهێنی دەبوو ئاشکرا بکرێن، بەڵام لە قاسەکاندا شاردراونەتەوە بۆ ئەوەی کەس نەیانبینێتەوە».
ناوبراو هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر بەڵگەنامە نهێنییەکان نەدا بە گوتەی ئەو حکوومەتی جۆ بایدن شاردبوونیەوە. پارنێل گوتی خەڵکی ئەمریکا و ئەو بنەماڵانەی هەموو شتێکی خۆیان بەخت کرد، شایەنی ئەوەن وێنەیەکی تەواوی ئەم ڕووداوە بزانن و ئێمەش دەیخەینە بەردەستیان.
ترەمپ لە درێژەی پەیامەکەیدا بە بڵاوکردنەوەی وێنەی دیداری خۆی لەگەڵ بنەماڵەی سەربازە کوژراوەکانی هێرشە خۆکوژییەکەی ٢٦ی ئابی ٢٠٢١دا گوتی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ٢٠٢٤دا بەڵێنی بەم بنەماڵانە دابوو دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی دادپەروەری لەم دۆسیەیەدا جێبەجێ دەکات: «ئێمە بە خێرایی ئەو داڕێژەرە تاوانبارەمان دەستگیر کرد بەرپرسیاری گیانلەدەستدانی هێزە سەربازییەکانمان بوو، ئەمەش یەکێک لە گەورەترین شانازییەکانی من وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە.»
ناوبراو هەروەها ڕەخنەی توندی لە شێوازی کشانەوەی سەربازانی ئەمریکایی لە ئەفغانستان گرت و گوتی ئەم کارە ڕێگەی بە تاڵیبان دا هەزاران «تیرۆریستی خوێنڕێژ و تاوانباری بەندکراو» لە زیندانی باگرام ئازاد بکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک یادی ١٣ سەربازی کوژراو و ٤٥ سەربازی برینداری ئەمریکایی لەگەڵ هاووڵاتییە مەدەنییە ئەفغانییەکانی هێرشەکەی دەروازەی «ئابی گەیت»ی بەرز ڕاگرت و جەختی کردەوە «کشانەوەی کارەساتباری حکوومەتی بایدن لە ئەفغانستان وەک پەڵەیەکی تاریک لە مێژووی وڵاتەکەماندا دەمێنێتەوە».

