بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دوبەی لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا ڕووبەڕووی دابەزینی ٣١.٣ لەسەدیی هاتوچۆی گەشتیاران بووەتەوە. بە گوتەی کۆمپانیای بەڕێوەبەری ئەم فڕۆکەخانەیە، دابەزینەکە پێوەندیی بە ئاڵۆزییە بەرفراوانەکانی سەر گەشتە ئاسمانییەکانی ناوچەی کەنداو بەهۆی شەڕی ئێرانەوە هەیە.
کۆمپانیای “دوبەی ئەیرپۆرتس” ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی ئاب ڕایگەیاند فڕۆکەخانەی دوبەی لە چارەکی دووەمی ساڵدا میوانداریی ١٣ ملیۆن گەشتیاری کردووە و کۆی هاتوچۆی گەشتیاران لە شەش مانگی یەکەمی ساڵدا گەیشتووەتە ٣١.٥ ملیۆن کەس. ئەم ژمارەیە لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا ٤٦ ملیۆن کەس بوو.
بە پێی ڕاپۆرتەکە، ژمارەی گەشتەکانیش لە نیوەی یەکەمی ساڵدا گەیشتووەتە ١٥٠ هەزار و ٦٠٠ گەشت، ئەمەش لە بەرانبەر ساڵی ڕابردوودا ٣٢.١ لەسەد دابەزین نیشان دەدات.
شەڕی ڕۆژی ٢٨ی شوبات دەستی پێ کردووە، کەرتی فڕۆکەوانیی لەمساڵدا بە توندی تووشی ئاڵۆزی کردووە.
هەڵوەشاندنەوە، گۆڕینی کات و گۆڕینی ئاراستەی گەشتەکان هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنیی فڕۆکە، دەرەنجامی لە دەرەوەی ناوچەی کەنداو هەبووە و گوشاری خستووەتە سەر کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی لە ئاستی جیهاندا.
کۆمپانیا گەورەکانی فڕۆکەوانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕووبەڕووی تێکچوونی جیددی لە تۆڕی گەشتەکانیان بوونەتەوە، هەرچەندە بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ چالاکییەکانیان دەست پێ کردووەتەوە.
تیم کلارک، سەرۆکی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ئیمارات مانگی ڕابردوو گوتی ئەم کۆمپانیایە بە ٩٠ لەسەدی توانای خۆی گەشت ئەنجام دەدات.
سەرەڕای ئەمەش، هەندێک کۆمپانیای گەورەی وەک لوفتهانزا، بریتیش ئەیروەیز و سینگاپوور ئەیرلاینز هێشتا بە وریاییەوە مامەڵە دەکەن و ڕاگرتنی بەشێک لە هێڵە ناوچەییەکانی خۆیان درێژ کردووەتەوە.
کۆمپانیای دوبەی ئەیرپۆرتس سەرەڕای ئەم دابەزینە ڕایگەیاندووە فڕۆکەخانەی دوبەی خۆڕاگریی خۆی نیشان داوە و گەڕانەوەی بەرەبەرەی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان، باشتربوونی پەیوەندییە فڕینییەکان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی پڕبوونی فڕۆکەکان نیشاندەری بەردەوامیی خواست و متمانەی زیاترە لە نیوەی دووەمی ساڵدا.
ئەم کۆمپانیایە پێش دەستپێکردنی شەڕ پێشبینیی کردبوو هاتوچۆی گەشتیارانی فڕۆکەخانەی دوبەی لەمساڵدا بگاتە نزیکەی ١٠٠ ملیۆن کەس.

