٧. ١٦٠٠ پێشکەشکاری حەج لە تیروپشک بێبەش دەکرێن ئەگەر فۆرمەکانیان چاک نەکەن.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی هەرێمی کوردستان، ئاگادارییەکی بەپەلە ئاراستەی ئەو هاووڵاتییانە دەکات کە بۆ پرۆسەی حەجی ئەمساڵ فۆرمیان پڕکردووەتەوە و کێشە لە زانیارییەکانیاندا هەیە.
کاروان ستونی، گوتەبێژی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومڕە ڕایگەیاند: “زیاتر لە ١٦٠٠ پێشکەشکار بە نامەی فەرمی ئاگادار کراونەتەوە کە فۆرمەکانیان کەموکوڕی و هەڵەی تێدایە و پێویستە چاکی بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو هاووڵاتییانە وەڵامی نامەکانیان نەداوەتەوە و هیچ گۆڕانکارییەکیان لە فۆرمەکانیاندا نەکردووە.”
گوتەبێژی حەج و عومڕە داوا لە هەموو ئەو هاووڵاتییانە دەکات کە ناوی خۆیان تۆمار کردووە، بە زووترین کات سەردانی ئەکاونتەکانیان لە (کورد پاس KRDPass) بکەن بۆ ئەوەی دڵنیاببنەوە لەوەی ئایا نامەی ئاگادارکردنەوەیان بۆ چووە یان نا.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، کاروان ستونی هۆشداری دا کە هەر کەسێک کەموکوڕی لە فۆرمەکەیدا بێت و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا چاکی نەکات، ناوی ناچێتە نێو تیروپشکی حەجەوە. بۆیە پێویستە پێشکەشکاران لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە پێداچوونەوە بە زانیارییەکانیاندا بکەن بۆ ئەوەی مافی بەشداریکردنیان نەفەوتێت.

