تۆڕی هەواڵی بلومبێرگ لە زاری گرووپی بانکی “گۆڵدمان ساکس”ەوە بڵاویکردەوە، ئەگەر هێرشەکان بۆ سەر هێڵەکانی گواستنەوەی دەریایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام بن و پەرەبسێنن، ئەوا ئەگەری هەیە نرخی نەوت بۆ 120 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرز ببێتەوە.
دان سترۆیڤن، هاوسەرۆکی توێژینەوەی کاڵا جیهانییەکان لە کۆمەڵەی گۆڵدمان ساکس، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی (بلومبێرگ) ڕایگەیاند: “پەرەسەندنەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو ئاماژەن بۆ ئەوەی مەترسیی فراوانبوونی پەککەوتنی گواستنەوەی دەریایی و توندتربوونی گرژییەکان، فاکتەرێکی گرنگن کە پێویستە لەبەرچاو بگیرێن.”
ئەم دامەزراوە داراییە پێشنیاری بۆ وەبەرهێنەران کردووە کە بۆ سوودمەندبوون لەم گۆڕانکارییانە و بەدەستهێنانی قازانج، ڕوو لە کڕینی غازی سروشتی و دیزڵ بکەن. هاوکات سترۆیڤن ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەگەر هەناردەی نەوتی ناوچەکە بگەڕێتەوە بۆ ئاستی ئاسایی خۆی، ڕەنگە نرخی نەوت بۆ 80 دۆلار دابەزێت.
ئەم پێشبینییانەی گۆڵدمان ساکس لە کاتێکدایە کە بەهۆی هێرشە متەقابیلەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران بۆ سەر کەشتییەکان لە گەرووی هورمز و ناوچەکانی دیکە، نیگەرانییەکان لەبارەی پەککەوتنی درێژخایەنی دابینکردنی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیادیان کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی بەردەوامیی بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا.

