zagros news agency

پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی (٦٥)ەمین ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول

 

ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:

بەرپابوونی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر و پێشڕەویی پارتیمان لە (١١ی ئەیلوولی ١٩٦١)، کاریگەرییەکی زۆری هەبوو لەسەر چارەنووسی سیاسیی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد و دۆزی ڕەوای نەتەوەیی و نیشتمانیمان؛ شۆڕش بە پەیامێکی هەقخوازانە و ڕەوا سەلماندی، کە ڕەگ و ڕیشەی ئیرادە و ورەی پۆڵایینی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لەبن نایەن و تا بەدیهێنانی ئامانجەکانمان کۆڵ نادەن.

 

ئەو بزووتنەوە سیاسییە لەو هەلومەرجەی ئەوسادا لە ڕووی سیاسی، کۆمەڵایەتی و سەربازییەوە، هەڵگری کۆمەڵێک خەسڵەت و تایبەتمەندیی خۆی بوو، ناسنامەیەکی جیاوازیشی هەبوو بە جۆرێک خەباتێکی نەپساوەی گشتگیر بوو بۆ کۆتاییهێنان بە شەوەزەنگی زۆرداری و نەهامەتی.

 

یەکێک لە بنەما بێوێنە و ڕەسەنانەکانی شۆڕش، ڕەنگدانەوەی کۆمەڵگەی فرەڕەنگی کوردستان و کولتووری شۆڕشگێڕیی کوردایەتی و نیشتمانپەروەری بوو، لەسەرینی ئەمەشەوە شۆڕشێکی درێژخایەن، مەزن و سەرتاسەری بوو، لەو ڕێگایەشدا لەسەرجەم چین و توێژەکان، شۆڕش قوربانییەکی بێشوماری پێشکەش بە خاک، نەتەوە و کێشە ڕەواکەمان کرد.

 

شۆڕشی ئەیلوول و پارتیمان بە نەخشەڕێگایەکی نوێ، گونجاو و ڕێکوپێک بۆ بەدیهاتنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و نەتەوەکەمان ڕێگای تێکۆشانی گرتەبەر و هەرگیزاوهەرگیز لەسەر ئەو ڕێچکە و ڕێبازە لایان نەدا، نەک لە پیلانگێڕی و ناپاکیەکان سازش و سڵی نەکرایەوە، بەڵکوو سوورتر بووین لەسەر جۆشدان و ڕابوونی سیاسی، ئابووری، کولتووری، هۆشیاربوونەوە و گەیشتن بە ئامانجەکانمان.

 

شۆڕشی مەزنی ئەیلوول سەرتاسەری کوردستانی کردە یەک هێز و یەک دەست، هەموو سنوورە ناوچەیی، ئایینی و مەزهەبییەکانی سڕییەوە و تەواوی گەلی کوردستانی لە چوارچێوەی هێزێکی بەرهەڵستکارانەی پتەو دژ بە دیکتاتۆری و ستەمکاران، بەرەو یەک ئامانج یەکخست.

 

شۆڕشی مەزنی ئەیلوول تەنیا دەروازەی یادگە و

یادەوەرییەکی هاوبەش و زیندووی گەلەکەمان نییە، بەڵکوو بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانی بۆ قۆناغێکی سیاسیی پێشکەوتووتر گواستەوە، بە جۆرێک لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی ناوخۆیی و جیهانیدا وەک هێزێکی کاریگەر و خاوەن بڕیار ڕۆڵی شیاوی خۆی بگێڕێت و چەندین دەستکەوتی گرنگ و مێژووییش بەدیبێنێت لەوانەش: ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠، زەمینەساز و پاڵنەری ڕاپەڕینی سەرتاسەریی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان و، بنیاتنانی قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێم.

 

ئەم بۆنەیە بە دەرفەت دەزانین وەک هەمیشە جەخت لەسەر ڕێبازی ڕەگداکوتاوی کوردایەتی، نەتەوەیی و ڕێبازی بارزانی و پارتایەتیمان بکەینەوە بۆ پتەوکردنی هەماهەنگی و هاوهەڵوێستیی سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گیروگرفتەکان، پاراستنی قەوارەی دەستووری و سیاسیی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانمان.

 

لەو یادە مەزنەدا پیرۆزباییەکی گەرم لە جەماوەری

دڵسۆزی کوردستان و خەباتکار و پێشمەرگە قارەمانەکانی شۆڕش دەکەین، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری و سەربەخۆییی کورد و کوردستان دادەنوێنین، سڵاو و ڕێز لە خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدە نەمرەکانمان، سڵاو لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

 

لەم بۆنە گرنگەدا، پەیمان بۆ سەرۆک بارزانی، بۆ گەل و نیشتمان دووپاتدەکەینەوە کە لەسەر ڕێبازی بارزانی بەردەوامبین بۆ بەدیهێنانی تەواوی ئامانجەکانی گەلەکەمان.

 

سڵاو لە بیرەوەریی (٦٥) ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول.

 

سڵاو لە گیانی پاکی بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە زیندوو.

 

بەرز و شەکاوە بێت ئاڵای پیرۆزی کوردستان.

هەمیشە گەلەکەمان سەربەرز و کوردستانیش هەر ئاوەدان.

 

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

١١ی ئەیلوولی ٢٠٢٦

هەواڵی پەیوەندیدار

مالیزیا: کەشتییەکانمان ڕێگەیان پێدرا لە گەرووی هورمز تێپەڕبن

سەڵاح

دانا عەبدولعەزیز: لە چوار ساڵی داھاتوو دەمانەوێ زیاتر پڕۆژە پێشکەشی خەڵک بکەین

دڵشاد

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کاتی خۆیدا تۆڵە لە ئیسرائیل دەکەینەوە

سەڵاح