zagros news agency

نێچیرڤان بارزانی لە ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوولدا: تاقە ڕێگەی پاراستنی قەوارەی هەرێم تەبایی و یەکڕیزییە

 

نێچیرڤان بارزانی، بەبۆنەی یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند؛ وەک چۆن سەرکەوتن و مانەوەی شۆڕشی ئەیلوول بەرهەمی یەکگرتوویی بوو، ئەمڕۆش تاقە ڕێگەی پاراستنی سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان، پتەوکردنی گیانی تەبایی و هاوکاریی نێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانە.

لە پەیامەکەیدا، بەوپەڕی ڕێز و شکۆوە یادی ڕابەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان، بارزانیی نەمر، تێکۆشەران، پێشمەرگە قارەمانەکان و گیانی پاکی شەهیدانی شۆڕش بەرز راگیرا، هاوکات سڵاو و پێزانین ئاراستەی خەباتگێڕانی دێرین و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان کرا.

نێچیرڤان بارزانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولی وەک «دایکی شۆڕشەکانی کوردستان» وەسف کرد کە لە قۆناغێکی سەختدا بووە هەوێنی وریایی و ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی، هەروەها ئاماژەی بەوە دا: «شۆڕش بە کۆکردنەوەی هەموو چین و توێژ و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکانی کوردستان لەژێر یەک چەتردا، بووه‌ ئیرادەیەکی پۆڵایین و دەنگی ڕەوای ئازادیخوازیی گەلی كوردستانى گەیاندە تەواوی جیهان و بناغەی یەکەم دانپێدانانی فەرمی و دەستکەوتە دەستوورییەکانی دواتری داڕشت.»

لە کۆتایی پەیامەکەدا، جەخت لە بەها باڵاکانی شۆڕش لە یەکڕیزی، پێکەوەژیان و ئاشتیخوازی کراوەتەوە و هاتووە: «تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان و مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی سەقامگیر و گەشتر بۆ نەوەکانمان، پێویستی بە پێكه‌وه‌يى و هاوکاریی هاوبەشی هەموولایەک هەیە.»

پەیامی نێچیرڤان بارزانی بۆ یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول

ئەمڕۆ لە یادی شەست و پێنج ساڵەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا، بەوپەڕی ڕێز و شکۆوە یادی ڕابەری شۆڕش و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان، بارزانیی نەمر و ته‌واوى تێکۆشەرانی دڵسۆز و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەینەوە کە هێز و بازوو و کۆڵەگەی شۆڕش بوون.

دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی شۆڕش و سڵاو و پێزانین بۆ بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزیان. سڵاو لە هەموو ئەو پێشمەرگە و خەباتگێڕە دێرینانە دەکەین کە لە ژیاندان و هیوای تەمەندرێژی و تەندروستيى باشییان بۆ دەخوازین.

شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، دایکی شۆڕشەکانی کوردستان، لە قۆناغێکی سەخت و دژواردا کە نکوڵی لە بوون و مافەکانی گەلی کوردستان دەکرا، بووە هەوێنی وریایی و بیر و ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانی. شۆڕش بە کۆکردنەوەی هەموو چین و توێژ و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیییەکانی کوردستان لەژێر یەک چەتردا، بووه‌ ئیرادەیەکی پۆڵایین و دەنگی ڕەوای ئازادیخوازیی گەلی كوردستانى گەیاندە تەواوی جیهان و بناغەی یەکەم دانپێدانانی فەرمی و دەستکەوتە دەستوورییەکانی دواتری داڕشت.

لە کاتێکدا بە شانازییەوە ئەم یادە مەزنە دەکەینەوە، جەخت لە بەها باڵاکانی شۆڕش لە یەکڕیزی، تەبایی، پێکەوەژیان، یەکترقبووڵکردن و ئاشتیخوازی دەکەینەوە. وەک چۆن سەرکەوتن و مانەوەی شۆڕشی ئەیلوول بەرهەمی یەکگرتوویی بوو، ئەمڕۆش تاقه‌ ڕێگەی پاراستنی فیدراڵی، قەوارەی هەرێمی کوردستان، مافە دەستوورییەکان و تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان، پێكه‌وه‌يى و پتەوکردنی گیانی تەبایی و هاوکاریی نێوان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانە تا بتوانین داهاتوویەکی سەقامگیر و گەشتر بۆ نەوەکانمان مسۆگەر بکەین.
بەرز و شکۆدار بێت یادی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان.

نێچیرڤان بارزانی
2026/9/11

هەواڵی پەیوەندیدار

کەشى پێشبینیکراوى ٤٨ کاتژمێرى داهاتوو

سەڵاح

حکومەتی هەرێم بڕیاری داخستنی سەرجەم کۆمپانیاکانی فۆڕێکس و قەدەغەکردنی دراوی دیجیتاڵی دا

سەڵاح

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی له‌ ئێزدییان ده‌کات

دڵشاد