zagros news agency

بۆ یەکەمجار؛ ئەمریکا نهێنیی ئۆپەراسیۆنێکی رزگارکردنی دوو فڕۆکەوانی لەناو خاکی ئێران ئاشکرا کرد

 

تۆڕی میدیایی “سی بی ئێس نیوز”ی ئەمریکی بۆ یەکەمجار گرتەی ڤیدیۆیی و زانیاریی نهێنیی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بڵاوکردەوە، کە تێیدا دوو ئەفسەری فڕۆکەوانی ئەمریکی دوای کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەیان لەناو خاکی ئێران ڕزگار کراون. لەو ئۆپەراسیۆنە ئاڵۆزەدا زیاتر لە 90 ئەندامی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا بەشدارییان کردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو تۆڕە، هەردوو ئەفسەرەکە بە ناوی کۆدی “ئەلفا” و “برافۆ” ناسێنراون؛ دوای ئەوەی فڕۆکەکەیان لەلایەن ئێرانەوە خراوەتە خوارەوە، بە پەڕەشووت خۆیان فڕێداوەتە خوارەوە و لە ناوچەیەکی شاخاویی باشووری شاری ئەسفەهان، بە دووریی نزیکەی 5 میل لە یەکترەوە نیشتوونەتەوە. هاوکات لەگەڵ نیشتنەوەیان، هێزە ئێرانییەکان دەستیان بە گەڕان بەدوایاندا کردووە و پاداشتی داراییان بۆ هەر کەسێک دیاری کردووە کە زانیاری لەسەر شوێنەکەیان ئاشکرا بکات.

تیمەکانی ئەمریکا توانیویانە دوای نزیکەی 8 کاتژمێر لە کەوتنەخوارەوەیان، “ئەلفا” لە ئۆپەراسیۆنێکی ڕۆژدا ڕزگار بکەن کە 21 فڕۆکە بەشدارییان تێدا کردووە. لەوبارەیەوە دان کەین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا ڕایگەیاند کە جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی لەو شێوەیە لە ڕۆژدا و لە پشتی هێڵەکانی دوژمن پڕ بوو لە مەترسی، بەڵام نزیکبوونەوەی هەڕەشەکان لە فڕۆکەوانەکە ناچاری کردن بەپەلە هەنگاو بنێن، پێش ئەوەی هێزەکانی ئێران پێی بگەن.

سەبارەت بە “برافۆ” کە ئەفسەری سیستەمی چەک بووە، ئۆپەراسیۆنی گەیشتن پێی نزیکەی دوو ڕۆژی خایاندووە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی بەهۆی تێکچوونی پەڕەشووتەکەی و بەرکەوتنی توند بە زەوی، تووشی برینداریی سەخت بووبوو. دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی بەکارهێناوە بۆ دیاریکردنی شوێنەکەی، دواتریش دوو ئەندامی یەکەی ڕزگارکردنی پەڕەشووتەوانی سەربە هێزی ئاسمانی پێی گەیشتوون و بە هێلیکۆپتەرێکی ئەمریکی گواستوویانەتەوە.

هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە، سەرەڕای ئەوەی پشتی شکابوو و چەندین برینی تری هەبوو، “برافۆ” توانیویەتی بە شاخێکدا بە بەرزیی نزیکەی 7 هەزار پێ سەربکەوێت تاوەکو چاوەڕێی تیمەکانی فریاگوزاری بکات. ئەو فڕۆکەوانە لە یەکەم چاوپێکەوتنیدا دوای ئۆپەراسیۆنەکە، ساتی بینینی هێزەکانی ڕزگارکردنی بە “یەکێک لە مەزنترین ساتەکانی ژیانی” وەسف کرد.

أمريكا ترفع السرية عن عملية إنقاذ طيارين أسقطت إيران مقاتلته

هەواڵی پەیوەندیدار

بۆ یەکەم جار بەهای بیتکۆین گەیشتە خوار 90 هەزار دۆلار

سەڵاح

کۆمپانیای Snspchat تایبەتمەندیەکی دیکە زیاد دەکات

یاسین

ئێران وەڵامی فەرەنسا دەداتەوە

یاسین