zagros news agency

سووریا دەرگای وێستگەیەکی ئەتۆمی بەڕووی ئاژانسدا دەکاتەوە

 

دوای نزیکەی دوو دەیە لە داخستنی، حکومەتی سووریا بە فەرمی دەرگای وێستگەی دێرەزووری بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کردەوە و دۆسیەی ناپابەندبوونی 15 ساڵەی لەگەڵ ئاژانسەکەدا داخست.

ئەمڕۆ دووشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2026، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و رەوەندی سووریا، جەختیکردەوە وڵاتەکەی دەرگای وێستگەی دێرەزووری بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی کردووەتەوە و 73 تۆن یۆرانیۆمی سروشتی لەژێر چاودێری و گەرەنتیی ئەو ئاژانسەدان.

شەیبانی لە وتارێکدا لە 70ـەمین خولی کۆنفرانسی گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیدا رایگەیاند: دیمەشق دەرگای وێستگەی دێرەزووری کردەوە تا بەڕێوەبەری گشتی ببێت بە یەکەم کەس کە لە 16ـی ئاب سەردانی شوێنەکە بکات، ئەمەش دوای نزیکەی دوو دەیە لە داخستنی توند.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی سووریا ئاشکرایکرد: لەگەڵ شارەزایانی ئاژانسەکە دەستمان بە بەرزکردنەوەی پاشماوەی وێستگەکە لەژێر چینەکانی کۆنکرێتی بەهێزکراو کردووە. ئەو بەرپرسە روونیکردەوە کە سووریا دەستپێشخەریی کردووە و سەرجەم زانیارییە دیزاینییەکان و راپۆرتەکانی ژماردنی ماددە ئەتۆمییەکانی پێشکەش کردووە، کە ئاژانسەکە لە 2011ـەوە داوای دەکردن.

شەیبانی گوتی: 73 تۆن یۆرانیۆمی سروشتی لەژێر چاودێری و گەرەنتیی ئاژانسەکەدان و لە سووریا بە سەلامەتی دەمێننەوە. بە گوتەی شەیبانی، سووریای نوێ کە خەریکی چارەسەرکردنی ئەم میراتە قورسەیە، بە تەواوی جیاوازە لەوانەی بوون بە هۆی دروستبوونی.

ئەو بەرپرسە جەختیکردەوە: شەفافیەت بۆ ئێمە رێچکەیەکی سەروەریی جێگیر و بڕیارێکی ستراتیژیی هەمیشەییە. شەیبانی ئەوەشی خستەڕوو کە ئەنجوومەنی حاکمانی ئاژانسەکە لە 9ـی ئەیلوول بە سازان، بڕگەی ناپابەندبوونیان داخستووە و لە خشتەی کارەکانیان لایان بردووە.

شەیبانی گوتیشی: ئەم هەنگاوە کۆتایی بە قۆناغێکی 15 ساڵە دەهێنێت بۆ ئەوەی لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدرێتەوە، کە کۆتایی بە گومان دەهێنێت و دەرگای دڵنیایی و هاوکاری دەکاتەوە. دیمەشق لە 17ـی تەممووز بڕیاریدا هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی چڕتر بکاتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

کۆشکی سپی دووپاتیکردەوە بە کاندیدبوونی نووری مالیکی رازی نین

سەڵاح

ئامێر و پێداویستی پزیشکی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە لە شاری دهۆک دابیندەکرێت

سەڵاح

فوئاد حوسێن و هاکان فیدان بەتەلەفۆن گفتوگۆیان کرد

یاسین