سەرۆککۆماری لیتوانیا خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی لە ئاسمانی ئەو وڵاتەدا لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ناتۆوە ڕاگەیاند. دانیمارکیش ڕایگەیاند کەشتییەکی جەنگیی ڕووسیا دوو مووشەکی ڕووناکیکەرەوەی ئاگادارکردنەوەی بەرەو هێلیکۆپتەرێکی دانیمارک تەقاندووە.
گیتاناس ناوسێدا، سەرۆککۆماری لیتوانیا، ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی خەرمانان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: «فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان کەمێک پێش ئێستا هاتە نێو ئاسمانی لیتوانیاوە، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ناتۆوە تێکشکێندرا.»
بە گوێرەی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی نیشتمانیی لیتوانیا، ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانە لە بێلاڕووسەوە چووەتە نێو خاکی ئەو وڵاتەوە و بەرەو ڕۆژاوا لە جووڵەدا بووە.
لیتوانیا، لاتیڤیا و ئیستۆنیا، سێ ئەندامی ناتۆ و خاوەنی سنووری درێژ لەگەڵ ڕووسیا، لە کاتی دەستپێکردنی هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراینا لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە، بەردەوام پێشێلکردنی ئاسمانی خۆیان لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە تۆمار کردووە. لە مانگی ئایاریشدا فڕۆکەیەکی جەنگیی ناتۆ فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینی لە ئاسمانی ئیستۆنیادا خستە خوارەوە؛ ئەمە یەکەمین ڕووداوی پێشگرتن بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بیانی بوو لەلایەن هێزی ئاسمانیی ناتۆوە لە ئاسمانی یەکێک لە وڵاتانی باڵتیک لە کاتی دەستپێکردنی شەڕەکەوە.
سەرۆککۆماری لیتوانیا سەرەتای مانگی تەمووز ڕایگەیاندبوو دەیەوێت وڵاتەکەی بەشداری لە پێشگرتنی ئەتۆمیی ڕۆژاوا بەرانبەر مۆسکۆدا بکات. دەستبەجێ دوای ئەم هەڵوێستە، دمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرملین، هۆشداریی دا ئەگەر لیتوانیا بڕیار بدات ببێتە خانەخوێی چەکی ئەتۆمی، ڕەنگە خاکی ئەو وڵاتە بکەوێتە بەر مەودای چەکە ئەتۆمییەکانی ڕووسیا. سەرەڕای ئەوەش، بەرپرسانی لیتوانیا چەندین جار جەختیان کردووەتەوە هیچ پلانێکیان بۆ جێگیرکردنی ئەو جۆرە چەکانە لە خاکی وڵاتەکەیاندا نییە.
لە ڕووداوێکی دیکەدا، بەرپرسانی دانیمارک ڕایانگەیاند کەشتییەکی جەنگیی ڕووسیا ڕۆژی دووشەممە لە دەریای باڵتیکدا دوو مووشەکی ڕووناکیکەرەوەی ئاگادارکردنەوەی بەرەو هێلیکۆپتەرێکی دانیمارک هاویشتووە. هێزە چەکدارەکانی دانیمارک گوتوویانە یەکێک لە ڕووناکیکەرەوەکان لە مەودایەکی زۆر نزیک لە هێلیکۆپتەرەکەوە تێپەڕیوە.
لارس لۆکێ ڕاسموسن، وەزیری دەرەوەی دانیمارک، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەم کارەی بە «تەواو قبووڵنەکراو» ناو برد و گوتی: «دەیتوانی گیانی مرۆڤەکان بخاتە مەترسییەوە.» حکوومەتی دانیمارک وەک ناڕەزایەتی بەرانبەر بەم کارە ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی خەرمانان، باڵیۆزی ڕووسیای لە وڵاتەکەی بانگهێشت کرد.

