خوناو ئەمین، نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ئەمریکا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس: ئاشکرای کرد کە سەردانێکی مەیدانییان بۆ ویلایەتی میشیگانی ئەمریکا ئەنجامداوە، بە ئامانجی دروستکردنی پردێکی پەروەردەیی لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی شاری زاخۆ.
نوێنەری دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ئاژانسی هەوالی زاگرۆس گووتی: “لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانمان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەکان، سەردانی خێزانی بەڕێز Kalasho و دامەزراوە پەروەردەیییەکەیان (KEYS Grace Academy)مان کرد لە میشیگان. لە لایەن خێزانەکە و ستافی پیشەیی دامەزراوەکەوە پێشوازییەکی گەرممان لێکرا و لە نزیکەوە ئاشنای ئەزموون و بەرنامە پێشکەوتووەکانیان بووین.”
هەروەها نوێنەری دەزگای خیرخووزی بارزانی لە ئەمریکا، ئاماژەی بەوەش دا : کە خێزانی Kalasho ساڵانێکی زۆرە لە بواری پەروەردە و خزمەتکردنی خێزانە کۆچبەرەکاندا چالاکن و لە ڕێگەی ئەرکەکانیانەوە جەخت لەسەر کوالێتیی خوێندن، فرەڕەنگی و ڕێزگرتن لە کولتوور دەکەنەوە.
دەربارەی ئەنجامی گفتوگۆکانیان، خوناو ئەمین بە ئاژانسی هەوالی زاگرۆسی ڕاگەیاند: “تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکانمان تایبەت بوو بە دروستکردنی هاوبەشییەکی پەروەردەیی لەنێوان دەزگای خێرخوازیی بارزانی و KEYS Grace Academy. ئامانجمان لەم هەنگاوە ئەوەیە شێواز و ئەزموونە نوێکانی پەروەردە لە ئەمریکاوە بگوازینەوە بۆ کۆمەڵگەی ناوخۆیی لە زاخۆ، بە شێوەیەک کە لەگەڵ کولتوور و ناسنامەی ڕەسەنی ناوچەکەدا بگونجێت.”
لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوام دەبێت لە فراوانکردنی هاوبەشییە مرۆیی و پەروەردەیییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی نوێ بۆ قوتابیان و گەشەپێدانی تواناکانی نەوەی داهاتوو.


