ئەمڕۆ پێنجشەممە، 1ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا دەستپێکردنی قۆناخێکی چارەنووسساز و جددی بۆ کۆنترۆڵکردنی چەکی دەرەوەی دەوڵەت راگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە حکوومەت سیستەمی بەرگریی ئاسمانی دەکڕێت و یاسای حەشدی شەعبی رێکدەخاتەوە.
سەرۆکوەزیران لە گوتارەکەیدا پیرۆزبایی کۆتاییهاتنی یەکجارەکیی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانیان (بە وشکانی، ئاسمانی و دەریایی) لە گەلی عێراق کرد، و ئەم هەنگاوەی وەک دەستکەوتێکی نیشتمانی و وەرچەرخانێکی مێژوویی بەرەو سەروەریی تەواو وەسف کرد. هاوکات پێزانینی خۆی بۆ ئەو لایەنانە دەربڕی کە لە پاڵ هێزە چەکدارەکاندا لە رۆژە سەختەکاندا بەرامبەر داعش وەستانەوە.
زەیدی خستیەڕوو کە یەکی تشرینی یەکەم سەرەتای جێبەجێکردنی نەخشەرێگەیەکی روونە بۆ کۆکردنەوەی چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت، کە بڕیارە تاوەکو 30ـی حوزەیرانی 2027 کۆتایی پێبێت. لەمپێناوەشدا، حکوومەت کار دەکات بۆ بێبەشکردنی سەرجەم گرووپە چەکدارە نەناسراو و نامۆکان لە چەک، بە ئامانجی پاراستنی سەقامگیری، ئاسایش و کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان.
سەبارەت بە پەیوەندییە دەرەکییەکان، سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتیکردەوە کە وڵاتەکەی رێگە نادات خاکی عێراق بۆ هیچ هەڕەشەیەک دژی دراوسێکان بەکاربهێنرێت، و لە بەرامبەریشدا رەتیدەکاتەوە خاکی هیچ وڵاتێک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر عێراق قەبووڵ بکرێت. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە حکوومەت پشتیوانیی دامەزراوە ئەمنییەکان دەکات، لەوانەش رێکخستنی دۆسیەی حەشدی شەعبی وەک بەشێکی دانەبڕاوی سیستەمی ئەمنی کە لە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکاندا دەبێت.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا، عەلی زەیدی باسی لەوە کرد کە عێراق لاپەڕەیەکی نوێی لە پاش قۆناخە سەختەکانی جەنگی تیرۆر هەڵداوەتەوە و ئێستا هەنگاو بۆ بەهێزکردنی سەروەری، گەشەپێدانی بەردەوام، باشکردنی دۆخی ژیانی هاووڵاتییان و خزمەتگوزارییەکان دەبنێت، کە تیایدا پەیوەندییەکانی عێراق لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و رێزگرتنی متوکاڵ لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە و جیهاندا دادەمەزرێن.

