zagros news agency

لە ڕووداوێکی نادیاردا؛ تەقینەوەی مانگێکی دەستکردی سیخوڕیی ئەمریکا لە بۆشایی ئاسمان مەترسی دروست دەکات

 

تەقینەوەی مانگێکی دەستکردی سیخوڕیی ئەمریکی لە خولگەی نزیکی زەویدا، مشتومڕێکی بەرفراوانی لە ناوەندە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا دروست کردووە، بەتایبەت کە تا ئێستا هۆکاری سەرەکیی ڕووداوەکە بە نادیاری ماوەتەوە. ئەمەش دوای ئەوە هات کە بەم دواییانە زانیارییە نهێنییەکانی تایبەت بەو کەشتییە ئاسمانییە ئاشکرا کران.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی “دەیلی مەیل”، هێزی بۆشایی ئاسمانیی ئەمریکا ئاشکرای کردووە کە مانگی دەستکردی “USA 32” – کە پێشتر بە ناوی نهێنیی “فاراهـ ٣” دەناسرا – لە ١٣ی ئەیلوول لە بەرزیی زیاتر لە ٧٧٠ کیلۆمەتر لە سەرووی ڕووی زەوییەوە هەڵوەشاوەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی هەورێکی گەورە لە پاشماوەی بۆشایی ئاسمان (Space Debris).

هێزی بۆشایی ئاسمان ئاماژەی بەوە کردووە کە “لێکۆڵینەوە و شیکاریی ورد بەردەوامە”، بەبێ ئەوەی هۆکاری تەقینەوەکە دیاری بکات، هاوکات ئەگەری بەکارهێنانی چەکی دژە مانگی دەستکردیشی بە تەواوی ڕەت نەکردووەتەوە، هەرچەندە تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک نییە کە بسەلمێنێت بە ئەنقەست کرابێتە ئامانج.

ئەم مانگە دەستکردە لە ساڵی ١٩٨٨ ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرابوو. بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی ساڵی ڕابردوو لەلایەن نووسینگەی سیخوڕیی نیشتمانیی ئەمریکاوە بڵاوکرانەوە، ئەرکی سەرەکیی چاودێریکردنی سیگناڵی ڕادار و سیستەمە ئەلیکترۆنییەکانی یەکێتیی سۆڤیەت و گەیاندنی ئەو زانیارییانە بووە بە سوپای ئەمریکا. هەرچەندە مانگەکە تەنیا بۆ سێ ساڵ کارکردن دروست کرابوو، بەڵام بۆ ماوەی نزیکەی ٣٨ ساڵ لە خولگەکەی خۆیدا مابووەوە تا ئەو کاتەی بە شێوەیەکی کتوپڕ لەناوچوو.

سەبارەت بە هۆکاری ڕووداوەکە، چەندین گریمانە خراونەتە ڕوو؛ لەوانە پێکدادانی لەگەڵ پاشماوەیەکی دیکەی بۆشایی ئاسمان یان تەشەرێکی سروشتی (نەیزەک)، یاخود دروستبوونی کێشەیەکی تەکنیکیی ناوخۆیی وەک تەقینەوەی تانکی پەستێنراو یان یەکێک لە پاترییەکانی.

لەم بارەیەوە، تۆنی فیلیپس، زانای بواری گەردوونناسی هۆشداری دا لەوەی ئەو ناوچەیەی مانگە دەستکردەکەی لێ هەڵوەشاوەتەوە، ناوچەیەکی “زۆر قەرەباڵغە”، بەجۆرێک زیاتر لە ٢٠٠ مانگی دەستکردی چالاک لە مەودای تەنیا ٥٠ کیلۆمەتریی خولگەکەیدا هەن، لەنێویاندا سیستەمی “ئیریدیۆم نێکست” کە لە ٦٦ مانگی دەستکرد پێکهاتووە و خزمەتگوزاریی پەیوەندی و داتا بۆ تەواوی جیهان دابین دەکات.

شارەزایان نیگەرانن لەوەی پاشماوە و پارچە هەڵوەشاوەکانی ئەم مانگە دەستکردە بەر مانگەکانی دیکە بکەون، ئەمەش مەترسی بۆ سەر ئەو خزمەتگوزارییانە دروست دەکات کە ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ پشتیان پێ دەبەستێت، وەک: هێڵەکانی ئینتەرنێت، پەیوەندییەکان، سیستەمی ڕێدۆزی و دیاریکردنی شوێن (GPS)، کەشناسی، خزمەتگوزارییە بانکییەکان، هێڵەکانی کەشتیوانی و فریاگوزاریی خێرا.

ئەم ڕووداوە هاوکاتە لەگەڵ هەڵکشانی کێبڕکێ و ململانێ سەربازییەکان لە بۆشایی ئاسماندا؛ لە کاتێکدا واشنتن بەم دواییانە کەلوپەلی نهێنیی سەربازیی رەوانەی خولگەی زەوی کردووە بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی چالاکییەکانی ڕووسیا و چین. پێشتریش لە ساڵی ٢٠٢١دا، ڕووسیا مووشەکێکی دژە مانگی دەستکردی تاقی کردەوە کە تێیدا مانگێکی کۆنی سۆڤیەتی تێکشکاند و بووە هۆی دروستبوونی هەزاران پارچە پاشماوەی مەترسیدار لە بۆشایی ئاسماندا.

هەواڵی پەیوەندیدار

کەشناسی: باران بارین بەردەوام دەبێت

یاسین

ڕاپۆرتێکی AP: لە چوارچێوەی هەڵمەتەکاندا، زیاتر لە 50 هاوسەر و دایک و باوکی سەربازانی ئەمریکا دەستگیرکراون

سەڵاح

نوێترین زانیاری دەربارەی پێکانی گاڤی و یاماڵ

یاسین