ئەمڕۆ چوارشەممە، 15-05-2024، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە بە نوێنەرایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەشداریی پرسەی قوربانییەكانی رووداوە ھاتوچۆکەی سەر ڕێگەی کفری – کەلاری كرد و لە نەخۆشخانەش بریندارانی ڕووداوەکەی بەسەر كردەوە.
وەزیری پەروەردە لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا لە كەلار ڕایگەیاند، “سەرۆكی حكوومەت رایسپاردووین ھەرشتێك پێویست بێت بۆ چارەكردنی قوتابییەكان بیکەین. لە دوێنێوە لەبارەی ئەم بابەتە لەگەڵ ئێمە لەسەر هێڵە”.
د. ئالان حەمە سەعید لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، “بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی گەرمیان ڕاسپێردراوە بەدواداچوونی جددی بۆ ئەم بابەتە (ڕووداوە هاتوچۆوەکەی سەر ڕێگەی کفری – کەلار ) بکات و لایەنە تایبەتمەندەکانیش لە حکوومەت بە ئەرکی خۆیان هەڵدەستن”.
دوانیوەڕۆی دوێنێ سێشەممە، 14-05-2024، پاسێکی قوتابییانی قوتابخانەی باکووری کچانی کەلار لەسەر ڕێگای کفری-کەلار وەرگەڕا و بەهۆیەوە چوار قوتابی مردن و حەوتی دیکەش برینداربوون. بەهۆی ڕووداوەکەوە، سهرپهرشتیاری ئیدارهی گهرمیان سێ ڕۆژ ماتهمینی گشتیی ڕاگهیاند.
بە گوێرەی ئامارەکان، ساڵی 2022 سێ هەزار و 706 رووداوی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان ڕوویانداوە؛ لە ئەنجامدا 445 کەس گیانیان لەدەستداوە و حەوت هەزار و 250 کەسیش بریندار بوون.