حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماری نوێی پرۆسەی بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە داراییەکانی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، زیاتر لە سێ ملیۆن مامەڵەی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە سەرتاسەری هەرێم لە ڕێگەی پڕۆژەی “ئی-پسوولە”وە بە سەرکەوتوویی ئەنجام دراون.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی حکوومەت، لە ئێستادا هاووڵاتییان دەتوانن بەبێ هیچ تێچوو و کرێیەکی زیادە، لە ڕێگەی نۆ بانک و جزدانی دیجیتاڵیی پەسەندکراو لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە (CBI)، پارەی پسوولەکانی کارەبا و ڕسووماتی شارەوانی بدەن.
سەبارەت بە ئامانجەکانی داهاتوو، حکوومەتی هەرێم ئاشکرای کردووە کە لە قۆناغەکانی داهاتوودا کەناڵەکانی پارەدان و جۆری خزمەتگوزارییەکان فراوانتر دەکرێن، بە جۆرێک کە تا کۆتایی ساڵی 2028، ڕێژەی 90%ـی سەرجەم داهات و شایستە داراییەکانی حکوومەت بە شێوازی ئەلیکترۆنی کۆبکرێنەوە.
پڕۆژەی “ئی-پسوولە” لە شوباتی 2026 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە ڕاگەیەندرا، وەک هەنگاوێکی سەرەکی لە کارنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەم بۆ بەدیجیتاڵکردنی سیستەمی دارایی کە بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق جێبەجێ دەکرێت.

