کارەکانی دروستکردنی نەخۆشخانەی ١٥٠ قەروێلەیی تایبەت بە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە لە شاری هەولێر بە خێرایی بەڕێوەدەچن و تا ئێستا ٧٠٪ـی پڕۆژەکە تەواو بووە و پێی ناوەتە قۆناغی کۆتایی جێبەجێکردنەوە.
ئەم پڕۆژە ستراتیجییە کە لە پێناو بەرەوپێشبردنی کەرتی تەندروستی، لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەردی بناغەی دانرا، بە یەکێک لە گرنگترین ناوەندەکانی چارەسەری شێرپەنجە لەسەر ئاستی هەرێم و عێراق دادەنرێت.
بەپێی دیزاین و پلانی نەخۆشخانەکە، ڕۆژانە توانای پێشوازیکردنی لە زیاتر لە (١,٠٠٠) نەخۆش دەبێت تەنها لە بەشی ڕاوێژکاریدا، هاوکات سەرجەم پشکنینە پێشکەوتووەکان و هەموو جۆرەکانی چارەسەری تێدا فەراهەم دەکرێت، لەوانە: چارەسەری کیمیایی، تیشکی ناوەکی و چارەسەر بە ئامێری پێشکەوتووی تیشکی (لیناک – LINAC).
پێکهاتەی سەرەکیی نەخۆشخانەکە بریتییە لە:
-
سەنتەری تیشک (لیناک)
-
بەشی پێشکەوتووی چارەسەری کیمیایی
-
هۆڵەکانی نەشتەرگەری و قاوشەکانی خەواندنی نەخۆش
-
بەشی فریاکەوتنی خێرا بە ستانداردی سەردەمیانە
بە تەواوبوون و کەوتنەکاری ئەم نەخۆشخانەیە، وەرچەرخانێکی گەورە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە هەرێمی کوردستان ڕوودەدات، بە جۆرێک بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان کەم دەکاتەوە و پێویستیی نەخۆش و تووشبووانی شێرپەنجە بە سەفەرکردن بۆ دەرەوەی وڵات بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر، تا ئاستێکی زۆر کەم دەکاتەوە.




