ئاریان سەلاحەدین ئەسعەد، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس ڕایگەیاند؛ بە پشتیوانی و بەشداریی سەرۆک مەسعود بارزانی، یەک ملیۆن ناونیشانی کتێب لە هەولێر نمایش کراون، کە تێیدا زیاتر لە ٤٠٠ دامەزراوە و ناوەندی چاپی ١٨ وڵاتی جیهان بەشدارییان تێدا کردووە و پێشانگاکە ساڵ بە ساڵ بووەتە ناسنامەیەکی فەرهەنگیی گرنگ بۆ هەرێمی کوردستان.
ئاریان سەلاحەدین ئەسعەد، وتیشی: «هەموو ساڵێک لەژێر چاودێری و بەشداریی بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر کراوەتەوە. سەرەڕای ئەوەی لە هەندێک ساڵدا کوردستان لە دۆخێکی تایبەتدا بووە، کەچی سەرۆک هەمیشە بەشدار بووە. پێشانگاکە ساڵ بە ساڵ گەشە دەکات و ئامادەیی نێودەوڵەتیی تێیدا زیاتر دەبێت؛ بە جۆرێک کە ئەمساڵ زیاتر لە ٤٠٠ دامەزراوە و ناوەندی چاپ لە هەموو جیهانەوە بەشدارییان تێدا کردووە».
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە دۆخ و ئارامیی هەولێر و ستراتیژی حکوومەت بۆ گرنگیدان بە کتێب وەک ڕووداوێکی گرنگی فەرهەنگی، لە جیهاندا دەبینرێت. پێشانگاکە تەنها شوێنی نمایشکردنی کتێب نییە، بەڵکو بووەتە ناوەندی کۆکردنەوەی ڕۆشنبیرانی ناوچەکە و جیهان، کۆکردنەوەی خێزانەکان و ئاشتکردنەوەی خەڵک بە کتێب. هەروەها ڕۆژانە سیمینار بەڕێوە دەچن، و پشتیوانیی بەڕێز سەرۆک بارزانی بۆ ئەم پێشانگایە خۆی لە خۆیدا پەیامێکی گرنگە کە نیشانی دەدات لە قۆناغێکی باشداین، و بەو هۆیەوە یەک ملیۆن ناونیشانی کتێب لە هەولێر نمایش کراون.
بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری ئەوەشی خستە ڕوو: «ئەم ئامادەبوونەی سەرۆک، هاندانێکی گەورەیە بۆ هەموو چین و توێژەکان بۆ گرنگیدان بە کتێب. خەڵک بە خێزان و منداڵەوە سەردانی پێشانگاکە دەکەن، کە ئەمەش دیمەنێکی زۆر جوان و پێگەیەکی فەرهەنگییە. هەروەکو چۆن پێشانگای فرانکفۆرت لە ئەڵمانیا لە ئاستی جیهاندا بە پێگەی خوێندنەوە ناسراوە، گرنگە ئەم پێشانگایەش بۆ هەولێر ببێتە ناسنامەی گەلێک کە کتێب دەخوێننەوە و فەرهەنگی خوێندنەوەیان لا ڕێزلێگیراوە».
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، ئاریان سەلاحەدین ڕایگەیاند کە وەزارەت ساڵ بە ساڵ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ پێشانگاکە دەکات و فۆرم و توێژینەوەی تایبەتی لەسەر دەکرێت، و بە پێی داتاکان، ڕێژەی خوێندنەوە ساڵ بە ساڵ زیاتر بووە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە لەم خولەی پێشانگاکەدا ١٨ وڵات لە ئاستی جیهان بەشدارییان کردووە.

