zagros news agency

چارەسەری زانستیی هەڵئاوسانی سک دوای خواردنی سەوزە

 

بڕیاردان لەسەر باشترکردنی سیستەمی خۆراکی و زیادکردنی برۆکلی، قەرنابیت و کەلەرم بۆ ژەمەکان رەنگە ببێتە هۆی هەستکردن بە ناڕەحەتی دوای نانخواردن. ئەم دۆخە پەیوەندی بە قەبارەی ژەمەکە و خێرایی نانخواردنەوە هەیە نەک تەنیا جۆری خۆراکەکە، بۆیە وازهێنان لەو سەوزانە تاکە هەنگاو نییە بۆ چارەسەرکردن.

هەندێک سەوزە کاربۆهیدراتیان تێدایە کە لە گەدە و ریخۆڵە باریکەدا بەتەواوی هەرس نابن. کاتێک ئەو خۆراکانە دەگەنە ریخۆڵە ئەستوورە، بەکتریاکان شییان دەکەنەوە و لەو پرۆسەیەدا گاز بەرهەم دەهێنن، هاوکات زیادبوونی خێرای ریشاڵەکان لە خۆراکدا دەبێتە هۆی ناڕەحەتی بۆ هەندێک کەس.

پەیمانگەی نیشتمانیی ئەمریکی بۆ شەکرە، نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەرس و گورچیلە، لە رێنماییەکانیدا جەخت دەکاتەوە کە دەستکاریکردنی بڕی ژەمەکان و شێوازی خواردن، یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکان. بوونی گاز دوای نانخواردن بەو واتایە نییە خۆراکەکە زیانبەخشە، یان پێویستە بە تەواوی واز لە کۆمەڵەیەک لە خۆراکەکان بهێنیت.

ئەگەر بە بڕێکی کەم لە سەوزەکان دەستپێبکەیت و بە تێپەڕبوونی کات زیادیکەیت، جەستەت دەتوانێت بە باشی لەگەڵیدا بگونجێت. هیچ بڕێکی دیاریکراو نییە بۆ هەمووان گونجاو بێت، بەتایبەت بۆ ئەوانەی نەخۆشی کۆڵۆنی عەسەبییان هەیە، بۆیە ئامانجەکە دۆزینەوەی ئەو بڕەیە کە لەگەڵ جەستەت دەگونجێت نەک تاقیکردنەوەی بەرگەی گەدە بۆ گەورەترین ژەم.

نانخواردنی خێرا دەبێتە هۆی قوتدانی هەوای زیاتر کە سەرچاوەیەکی دروستبوونی گازە لە کۆئەندامی هەرسدا. پێویستە کات بۆ نانخواردن تەرخان بکەیت، خۆراکەکە بە باشی بجوویت و ژەمی بچووکتر تاقی بکەیتەوە، چونکە ئەم رێکارانە یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی بزانیت ئایا ناڕەحەتییەکە پەیوەندی بە بڕ و عادەتەکانەوە هەیە، یان تەنیا سەوزەکان.

پێکهاتەی سەوزەکان جیاوازن و کاردانەوەی جەستە بەپێی بڕ و جۆری خۆراکەکە دەگۆڕێت. دەتوانیت دەفتەرێکی بچووک بەکاربهێنیت و تێیدا تۆمار بکەیت چی خواردووە، بڕەکەی چەند بووە و چ نیشانەیەک دەرکەوتووە، بە تێبینی کردنی بەردەوام نەخشەیەکی روون بۆ بژاردەکانت دەستەبەر دەبێت. هەوڵ بدە لە هەر جارێکدا یەک جۆر بگۆڕیت، چونکە وازهێنان لە چەند جۆرێک بەیەکەوە دۆزینەوەی هۆکاری کێشەکە زەحمەت دەکات.

خواردنی کوڵاو رەنگە بۆ هەندێک کەس ئاسانتر بێت بۆ هەرسکردن، بەڵام کوڵاندن گەرەنتی نەهێشتنی گاز ناکات. نەرمبوونی برۆکلی بەو واتایە نییە هەموو ئەو کاربۆهیدراتانە نامێنن کە لە ریخۆڵەدا دەمێننەوە، بۆیە شێوازی ئامادەکردنەکە وەک تاقیکردنەوەیەک سەیر بکە، نەک چارەسەرێکی مسۆگەر.

پاقلەمەنییەکان، پیاز و هەندێک میوەی وشککراوە رەنگە نیشانەکان لای هەندێک کەس زیاتر بکەن، بۆیە پێویستە سەیری سەرجەم ژەمەکان بکەیت. ئەگەر هەڵئاوسانی سک دووبارە بووەوە و بووە هۆی ناڕەحەتی، یان ئازارێکی توندی لەگەڵدا بوو، یان گۆڕانکارییەکی روون لە کرداری پیسایی بینرا، ئەوا سەردانی پزیشک بکە. لەو حاڵەتەدا، دۆزینەوەی هۆکاری راستەقینە سوودبەخشترە لەوەی بەردەوام بیت لە وازهێنان لە خۆراکەکان.ڤ

هەواڵی پەیوەندیدار

گرنگترین سودەکانی سرکەی سێو بۆ قژ

lana

مێشکی مرۆڤ لە کاتی بێهۆشکردن کار دەکات ‎

یاسین

ڕاگەیاندراوی وازەراتی تەندروستی

دڵشاد