zagros news agency

کۆماری ئازەربایجان هاتنەژوورەوەی ٣١ هاووڵاتیی تورکیا قەدەغە دەکات

 

کۆماری ئازەربایجان ڕای گەیاند کە ٣١ هاووڵاتیی تورکی، لەوانە چەند سیاسەتمەدار، ڕۆژنامەنووس و کەسایەتییەکی ئایینیی ئەو وڵاتە، خراونەتە لیستی “کەسانی نەخوازراو” و ڕێگەیان پێنادرێت بچنە ناو خاکی ئازەربایجانەوە.
ئەم بڕیارە دوای زیادبوونی ناکۆکییەکان لەسەر قەدەغەکردنی حیجاب لە قوتابخانەکانی کۆماری ئازەربایجان درا، کە لە هەفتەکانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی ناڕەزایەتیی ژمارەیەک سیاسەتمەدار و کەسایەتیی ئایینیی تورکی بووەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان ڕۆژی چوارشەممە، ٢٩ی ئۆکتۆبەر، لە بەیاننامەیەکدا گوتوویەتی کە ئەو کەسانەی ئەم بڕیارە دەیانگرێتەوە، بە بڵاوکردنەوەی بابەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پلاتفۆرمە ئینتەرنێتییەکان، “سەروەریی نیشتمانی، ئاسایش، سیستمی دەستووری، گەل و سەرکردایەتیی ئەو وڵاتەیان کردووەتە ئامانج.”
لەو بەیاننامەیەدا هەروەها بانگەشە کراوە کە ئەم کەسانە “بانگەشەیان بۆ ڕووخاندنی زۆرەملێی حکوومەت، پەرەپێدانی توندوتیژی بە بیانووی توندڕەویی ئایینی و ورووژاندنی ڕق و دوژمنایەتیی ئایینی کردووە.”
وەزارەتی دەرەوەی ئازەربایجان نموونەی دیاریکراوی لەسەر لێدوان یان بابەتە بڵاوکراوەکانی ئەم کەسانە نەخستووەتە ڕوو، بەڵام هۆشداریی داوە کە ڕێوشوێنی زیاتریش لە دژیان دەکرێت.
لە نێو ئەو کەسانەی قەدەغەی هاتنەژوورەوەیان لەسەرە، فاتح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی ڕەفاهی نوێی تورکیا، عومەر فارووق گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری تورکیا لە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان، و یەحیا ئۆغراش، جێگری سەرۆکی پارتی ئیسلامیی هودا پار، بەرچاون.
ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس، نووسەر و کەسایەتیی ئایینیی تورکی، لەوانە محەممەد بۆینوکالین، ئیمامی پێشووی مزگەوتی ئایا سۆفیا، لەم لیستەدا خراونەتە ڕوو.
بەپێی ڕێساکانی نوێی کۆماری ئازەربایجان، بەکارهێنانی پۆشاک یان کەرەستەیەک کە لەگەڵ جلوبەرگی یەکپۆشیی قوتابخانەکان و بنەمای سێکولاربوونی خوێندنی گشتی ناکۆک بێت، قەدەغە کراوە.
ژمارەیەک سیاسەتمەداری تورکیا، لەوانە ئۆکتای سارال، ڕاوێژکاری باڵای ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم سنووردارکردنانەیان کردووە.
کۆماری ئازەربایجان و تورکیا هاوکاریی نزیکی سیاسی و سەربازییان هەیە و بەرپرسانیان زۆرجار پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە بە دروشمی “یەک نەتەوە، دوو دەوڵەت” وەسف دەکەن.

هەواڵی پەیوەندیدار

کەمی دەرمان ژیانی ٢٢٥ هەزار کەسی خستۆتە مەترسیەوە

گوران

پەرلەمانتارەکێ پارتی هاریکارییا ساخلەمیا پارێزگەها دهۆکێ کر

سەڵاح

هاوکات لەگەڵ ئاگربەست هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان بەردەوامن

mustafa