zagros news agency

ئەمریکا هۆشداری دەدات: سەردانی عێراق مەکەن

 

ئەمڕۆ شەممە، 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشدارییەکی لەبارەی ئەگەری روودانی هێرش لە عێراق بڵاوکردەوە و جەختی لەسەر هێشتنەوەی بەرزترین ئاستی هۆشداری کردەوە، چونکە بەغدا ناتوانێت سەلامەتیی هاووڵاتییانی ئەمریکی مسۆگەر بکات. وەزارەتەکە ئامۆژگاریی هاووڵاتییانی خۆی کرد بە هیچ شێوەیەک سەردانی عێراق نەکەن.

بەپێی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، حکوومەتی عێراق ناتوانێت گەرەنتیی سەلامەتیی هاووڵاتییانی ئەمریکی بکات لە ئەگەری هەڵگیرسانی توندوتیژی یان ململانێی چەکداریی لەناکاو.

وەزارەتەکە روونیکردەوە، کارمەندانی حکوومەتی ئەمریکا لە عێراق بەهۆی هەڕەشە مەترسیدارەکانەوە پابەندی رێکارە ئەمنییە توندەکانن. هەروەها ئەگەری هەیە بەپێی پێشهاتە ئەمنییەکان گۆڕانکاریی دیکە لە دۆخی کارمەندەکانیان بکرێت.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە، کارمەندانی حکوومەتی ئەمریکا بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە بۆ گەشتکردن بۆ عێراق پێویستیان بە رەزامەندیی تایبەت هەیە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشداری دا لە بەرزبوونەوەی مەترسییەکانی توندوتیژی و رفاندن کە رووبەڕووی هاووڵاتییانی ئەمریکی لە عێراق دەبێتەوە. وەزارەتەکە جەختی کردەوە: گرووپە چەکدارەکانی سەر بە بەرەی مەقاوەمە هەڕەشەن بۆ سەر ئەمریکییەکان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، گرووپە تیرۆریستییەکان، لەوانەش ئەو گرووپانەی لەگەڵ ئێران هاوپەیمانن و رێکخراوی داعش، هانی هێرشکردن دەدەن بۆ سەر کەسایەتی و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق. ئەو ناوچانە تا ئێستاش هێرشیان بە بەکارهێنانی بۆمبی چێندراو و تۆپباران و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە چەندین شوێن، لەوانە شارە گەورەکان، بەخۆوە بینیوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئامۆژگاریی هاووڵاتییانی خۆی کرد پلانێک بۆ چۆڵکردنی وڵاتەکە دابڕێژن کە پشت بە یارمەتیی حکوومەتی ئەمریکا نەبەستێت. هاوکات داوای لێکردن پلانی ئەمنیی تایبەت بە خۆیان بە هەماهەنگی لەگەڵ شوێنی کار یان لایەنی میواندار دابنێن و بەردەوام پێداچوونەوە بە راپۆرتە ئەمنییەکانی تایبەت بە عێراق و ئەو رێنماییانە بکەن کە پەیوەستن بە گەشتکردن بۆ ناوچە مەترسیدارەکان و تیرۆر.

هەواڵی پەیوەندیدار

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی کۆمەڵکوژیی ئێزدییان

سەڵاح

ئەنجامی کۆتایی یارییەکانی ئەمڕۆی گەڕی 5ی خولی پلەیەکی کوردستان

یاسین

شاندەکانی ئەمریکا و ئێران بۆ واژووکردنی رێکەوتن یەکلای بۆتەوە

گوران