zagros news agency

ئۆباما: بە دیپلۆماسی و بێ تەقاندنی تەنانەت یەک مووشەکیش ڕێگریمان لە دەستکەوتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی کرد

 

باراک ئۆباما، سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەیەکی هەڵبژاردندا لە میشیگان بۆ پشتگیریکردنی دیموکراتەکان لە پێش هەڵبژاردنەکانی نێوەڕاستی خولدا، بە توندی ڕەخنەی لە حکوومەتی ترەمپ گرت بەهۆی دەستپێکردنی جەنگ لەگەڵ ئێران و بەرزبوونەوەی تێچووەکان بۆ بەکاربەران.

ئەو حکوومەتی ترەمپی بە دەستپێکردنی جەنگێکی بێهوودە لەگەڵ ئێران تۆمەتبار کرد و گوتی: «بیانووی سەرەکی ئەوە بوو دەمانەوێت دەست وەربدەین و ناچاریان بکەین دەستبەرداری بەرنامەی ئەتۆمی و چەکەکانی ئەتۆمییان ببن. بەڵام کێشەکە ئەوە بوو ئێران چەکی ئەتۆمی نەبوو، چونکە من ڕێککەوتنێکم جێبەجێ کردبوو کە هەمووان دانیان بەوەدا دەنا ڕێگر دەبوو لە دەستکەوتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی. بۆ ئەنجامدانی ئەم کارەش پێویست نەبوو تەنانەت یەک مووشەکیش بتەقێنم، تەنیا ئەوەندە بەس بوو پەنا بە دیپلۆماسی ببەم.»

ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران ناسراو بە بەرجام لە ساڵی ٢٠١٥ لە حکوومەتی ئۆبامادا لەگەڵ ئێران واژۆ کرا، بەڵام دۆناڵد ترەمپ لە یەکەم خولی سەرۆکایەتییەکەیدا لێی کشایەوە. ئەم ڕێککەوتنە بەرنامەی ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامیی سنووردار دەکرد و لە بەرانبەر ئەم سنووردارکردنانەدا، سزاکانی سەر ئێران کەم دەکرانەوە. ترەمپ لە کاتی کشانەوەی لەم ڕێککەوتنە لە ساڵی ٢٠١٨دا، ئەم بیانوویەی هێنایەوە کە بەرجام “ڕێگەی بە ئێران دەدا بەردەوام بێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم و بە تێپەڕبوونی کات بگاتە ئاستی دەستکەوتنی خێرای چەکی ئەتۆمی”.

ئۆباما لە کاتی وتارەکەیدا بە ئاماژەدان بە تێپەڕبوونی حەوت مانگ بەسەر جەنگەکەدا گوتی: “هاوپەیمانان و بنکەکانمان کراونەتە ئامانج، ئەمریکاییەکان کوژراون، سەدان ئەمریکایی بریندار بوون و ئێمە یەدەگی مووشەکیمان بە ڕادەیەکی زۆر بەکار هێناوە.”

سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا درێژەی پێ دا: «ئێستا ئێران مافی ڤیتۆی هەیە بەسەر گەرووی هورمزدا، ئەو شوێنەی نەوت لە ڕێگەیەوە بۆ بازاڕی جیهانی دەگوازرێتەوە. ئەمە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە. هیچ کەسێک لەم بارەیەوە ناکۆکیی نییە. ئەمە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی گازوایلە. هەر بۆیەشە نرخی نزیکەی هەموو شتێک بەرز بووەتەوە.»

ئۆباما لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ڕەخنەی لە پیت هێگست، وەزیری بەرگریی ئەمریکا، گرت و تۆمەتباری کرد بەوەی لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشە گرنگەکان، سەرقاڵی بابەتە کەم بایەخەکانە و لە وتارێکدا بۆ ئامادەبووان گوتی: «ئەوان کەسانی جددی نین و کێشەکە لێرەدایە کە لە کۆتاییدا ئێوەن دەبێت باجی جددی نەبوونی ئەوان بدەن.»

هەواڵی پەیوەندیدار

سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی له‌ کۆمه‌ڵی دادگه‌ریی کوردستان ده‌کات

سەڵاح

پارێزگارى هه‌ولێر، پێشوازیى لە خانەوادەى هەرسێ‌ كوژراوەكەی بەنزینخانەکەى هەولێر کرد

سەڵاح

ئیلۆن ماسک جێهێشتنى ئیدارەكه‌ی ترەمپی ڕاگەیاند

سەڵاح