چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق پلانی خۆی بۆ بووژاندنەوەی کەرتی پەلەوەر و داهێنانی میکانیزمێکی نوێ بۆ هاوردەکردنی ئالیک ئاشکراکرد، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بەو کێشانەی لە گەرووی هورمز دروستبوون.
قوسەی حەتاب، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع)ـی راگەیاند: “ئالیک کۆسپ و تەگەرەی سەرەکییە لەبەردەم کەرتی پەلەوەردا، بەتایبەتی دوای ئەو رووداوانەی لە گەرووی هورمزدا دروستبوون.”
حەتاب روونیکردەوە: “وەزارەت بە رێنوێنیی وەزیر هەوڵیداوە رەزامەندی وەربگرێت بۆ دابینکردنی ئالیک و هاوردەکردنیان لە رێگەی دەروازە وشکانییەکانەوە.”
وەزارەتی کشتوکاڵ لە رێگەی فەرمانگەی سامانی ئاژەڵەوە کار بۆ پەرەپێدانی کەرتی پەلەوەر دەکات. ئەم پرۆسەیە لە رێگەی دامەزراندن یان پەرەپێدانی کارگەکانی ئالیک لە وڵاتدا و ئاسانکاری بۆ هاتنەناوەوەیان بەڕێوەدەچێت.
سەبارەت بە کێشە کارگێڕییەکان، حەتاب گوتی: “بەربەستێکی دیکە بریتییە لە پرۆسەی نوێکردنەوەی مۆڵەت بۆ خاوەن پڕۆژەکانی پەلەوەر، چ بچووک بن یان گەورە.”
گوتەبێژەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ روونیکردەوە، پێشتر پێویست بوو خاوەن پڕۆژەکان رەزامەندی 11 لایەن وەربگرن بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتەکانیان، بەڵام وەزارەت کاری کردووە بۆ تێپەڕاندنی ئەو کۆسپانە و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزیر و بریکاری هونەری، ژمارەی ئەو لایەنانەی داواکراون بۆ تەنیا دوو لایەن کەمکراوەتەوە.
لەبارەی پلانی داهاتووی وەزارەت بۆ بووژاندنەوەی ئەو کەرتە، حەتاب روونیکردەوە پلانەکە سەرنج دەخاتە سەر کاراکردنەوەی ئەو پڕۆژانەی مۆڵەتیان هەیە و ئێستا وەستاون.
هەروەها وەزارەت بەو ئاسانکارییانەی لە رێگەی فەرمانگەی سامانی ئاژەڵ و بەدواداچوونەکانی فەرمانگەی ڤێتێرنەرییەوە پێشکەشی دەکات، پشتیوانی لە کەرتی تایبەت دەکات.

