zagros news agency

کوژرانی چەکدارێکی فەرەنسی لە پێکدادانێکدا لە ئیدلب.. و گرووپەکەی هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە دەکات

 

هێزە ئەمنییەکانی سووریا ڕۆژی چوارشەممە ڕایانگەیاند، لە کاتی ئاڵوگۆڕی تەقەدا لە پارێزگای ئیدلب لە باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە، چەکدارێکی فەرەنسی کوژراوە و هاووڵاتییەکی مەدەنیش بریندار بووە. لە بەرامبەردا گرووپەکەی هێزە ئەمنییەکانی بە بەئامانجگرتنی ئەندامەکانی تۆمەتبار کرد و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کرد.

ئەم ڕووداوە گرژی و ئاڵۆزی دەگەڕێنێتەوە نێوان دەسەڵاتدارانی سووریا و “فیرقەتولغورەبا” (کەتیبەی نامۆکان)، کە چەکدارانی فەرەنسی و خێزانەکانیان لەخۆدەگرێت، ئەمەش دوای ڕێککەوتنێکی ئاگربەست دێت کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ کۆتایی بە پێکدادانەکانی نێوان هەردوولا هێنابوو.

دوو گێڕانەوەی جیاواز بۆ پێکدادانەکە

فەرماندەیی ئاسایشی ناوخۆ لە ئیدلب رایگەیاند، یەکێک لە مەفرەزەکانیان چاودێری دەرچوونی گرووپێکی چەکداری لە “کەمپی فەرەنسییەکان”ەوە بەرەو ناوچەی حارم کردووە، بە پێچەوانەی ئەو ڕێککەوتنەی کە چوونەدەرەوە لە کەمپەکە بە چەک قەدەغە دەکات.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، ئەندامانی گرووپەکە تەقەیان لە دەورییە ئەمنییەکە کردووە کە بۆ ڕاوەدوونان و ڕاگرتنیان جووڵابوو، ئەمەش وای کردووە هێزەکان وەڵام بدەنەوە و لە ئەنجامدا چەکدارێکیان کوژراوە و هاووڵاتییەکی مەدەنیش بریندار بووە.

لە بەرامبەردا، “فیرقەتولغورەبا” لە بەیاننامەیەکدا کە لە کەناڵێکی تەلەگرامی سەر بە خۆی بڵاویکردەوە، ڕایگەیاندووە کە ئەندامەکانیان بە مەبەستی کڕینی خواردن چوونەتە دەرەوە کاتێک دەستڕێژی تەقەیان لێکراوە.

گرووپەکە کوژرانی یەکێک لە چەکدارەکانی بە ناوی “ئەبوو ئەیمەن ئەلفەرەنسی” و برینداربوونی چەند کەسێکی دیکەی ڕاگەیاند، و ئاماژەی بەوە کرد کە ناوبراو بۆ ماوەی ١٣ ساڵ لە سووریا ژیاوە و دژی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد جەنگاوە. گرووپەکە هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی کوشتنی ناوبراوی کرد.

گرووپی “فیرقەتولغورەبا” بە سەرکردایەتی عومەر دیابی، هاووڵاتییەکی فەرەنسی بەڕەچەڵەک سەنیگالی کە بە “عومەر ئۆمسن” ناسراوە، کەمپێکی لە دەوروبەری شاری حارم کردووەتە بارەگای خۆی.

کەمپەکە دەیان چەکداری فەرەنسی و خێزانەکانیان لەخۆدەگرێت، و گومان دەکرێت دیابی لە ساڵانی شەڕی ناوخۆی سووریادا ڕۆڵی هەبووبێت لە چەکدارکردن و هێنانیاندا.

لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، ناوچەکە پێکدادانی نێوان ئەو گرووپە و هێزەکانی دەسەڵاتدارانی سووریای بەخۆوە بینی، کە بە ڕێککەوتنی ئاگربەست کۆتایی هات و تیایدا بڕیار لەسەر کشانەوەی چەکی قورس لە کەمپەکە درا.

ئەم گرووپە نەچووەتە ناو دامەزراوە ئەمنیی و سەربازییە نوێیەکانەوە، دوای ئەوەی ئەندامەکانی بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە پاڵ گرووپە ئیسلامییەکان لە ئیدلب شەڕیان کرد پێش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤دا.

چەکدارە بیانییەکان یەکێک لە دۆسیە ئاڵۆزەکانی بەردەم دەسەڵاتدارانی سووریان، لە کاتێکدا زۆربەی وڵاتەکانیان ڕەتیدەکەنەوە وەریانبگرنەوە.

دوای ڕووخانی حکومەتی پێشوو، ژمارەیەکیان چوونە ناو سوپای نوێی سووریاوە، بەڵام ئەو گرووپەی دیابی سەرکردایەتی دەکات لەناو بارەگاکەی خۆیدا لە حارم مایەوە.

پێشتریش دەستەی تەحریری شام بۆ ماوەی نزیکەی ساڵ و نیوێک دیابی دەستگیر کردبوو—کە لەلایەن واشنتنەوە وەک “تیرۆریستێکی نێودەوڵەتی” پۆلێن کراوە و لە فەرەنساش داواکراوە—پێش ئەوەی لە شوباتی ٢٠٢٢ ئازادی بکات.

دیابی پێش ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٣ بچێتە سووریا، لە چێشتخانەیەکی شاری نیسی فەرەنسا کاری دەکرد، لەوێش سەرکردایەتی کەتیبەیەکی گەنجانی فەرەنسی دەکرد کە زۆربەیان خەڵکی ناوچەی نیس بوون.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەمریکا: بۆ پاراستنی کەشتییەکان کۆنتڕۆڵی گەرووی هورمزمان کردووە

یاسین

وەزیری دەرەوەی دەوڵەتی ئیمارات سەرەخۆشی لە سەرۆکی حکومەت دەکات

یاسین

به‌ ئاماده‌بوونی، نێچیرڤان بارزانی، دیداری یادی سەد ساڵەی موستەفا زەڵمی بەڕێوەدەچێت

سەڵاح