zagros news agency

توانای پێشبینیکردنی تووشبوون بە خەمۆکی لە گەورەییدا لە ڕێگەی سکانی مێشکی منداڵییەوە

 

بە گوێرەی نوێترین توێژینەوە، خێرایی پێگەیشتنی مێشکی منداڵ دەتوانێت تا چوار ساڵ پێش دەرکەوتنی نیشانەکان، پێشبینی بکات ئایا ئەو لە قۆناغی هەرزەکاریدا تووشی خەمۆکی یان دڵەڕاوکێ دەبێت یان نا.

ئەم توێژینەوەیە، بە شیکردنەوەی کەمێک کەمتر لە ٣٠ هەزار سکانی مێشک، ئەوەی ئاشکرا کرد تێکچوونەکانی تەندروستیی دەروونی ڕەنگە لە تێکچوونی کاتبەندیی گەشەکردنەوە سەرچاوە بگرن.

ئەم دۆزینەوانە، لە گۆڤاری “نەیچەر” (Nature) بڵاو کرانەوە، گریمانە کۆنەکانی سەبارەت بە چۆنیەتیی دروستبوونی تێکچوونە دەروونییەکان دەخەنە ژێر پرسیارەوە و ئاماژە بەوە دەکەن پلانڕێژیی جیننەتیکیی چالاک پێش لەدایکبوون دەتوانێت دەستپێکی لاوازیی بەرانبەر کێشەکانی تەندروستیی دەروونی بێت.

دکتۆر ئاڤرام هۆڵمز، پسپۆڕی زانستی دەمارە کۆئەندامییەکان لە زانکۆی ڕاتگێرز، گوتی: “ئەمە وای لێ دەکات کاتێک نیشانە دەروونییەکان تاوتوێ دەکەین، بیر لە کاتبەندیی گەشەی مێشک بکەینەوە، نەک تەنها شوێنەکەی.”

لە قۆناغی منداڵی و هەرزەکاریدا، چینی دەرەوەی مێشک، واتە توێکڵی مێشک، بە شێوەیەکی سروشتی تەنک دەبێتەوە، چونکە گرێدانە دەمارییە بەکارنەهاتووەکان لادەبرێن بۆ ئەوەی کارکردی مێشک کارامەتر بێت.

توێژەرانی زانکۆی ئایۆوا و “ماس جێنەراڵ بریگام”، بە بەدواداچوونی باری منداڵان لە تەمەنی ٩ ساڵییەوە، لە ماوەی دوو ساڵ جارێکدا، بۆیان دەرکەوت ئەم تەنکبوونەوەیە پەیڕەوی شێوازێکی شەپۆلیی دیاریکراو دەکات.

ناوچە هەستیارە سەرەتایییەکان وەک توێکڵی بینایی، نزیکەی تەمەنی ١٣ ساڵی دەست بە پێگەیشتن دەکەن، پێش ناوچەکانی پێشەوەی سەر کە بەرپرسیارن لە سەرنجدان، پلانڕێژی و ڕێکخستنی هەستەکان، کە پێگەیشتنیان نزیکەی تەمەنی ١٦ ساڵی دەست پێ دەکات.

کاتێک توێژەران ئەم سکانە مێشکییانەیان بە داتاکانی ڕووپێویی تەندروستیی دەروونییەوە بەستەوە، شێوازێکی پێشبینیکار و ڕوون دەرکەوت: ئەگەری ئەزموونکردنی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی تا تەمەنی ١٣ ساڵی لەو منداڵانەدا کە لە تەمەنی ٩ ساڵیدا توێکڵی مێشکیان لە ناوچە هەستیارەکاندا ئەستوورتر بوو، بە شێوەیەکی بەرچاو زیاتر بوو.

دکتۆر جاشوا ڕافمەن، پزیشکی دەروونی لە ماس جێنەراڵ بریگام و یەکێک لە نووسەرانی ئەم وتارە، ڕوونی کردەوە: “پرسیارەکە ئەوە نییە ‘ئەم ناوچەیە چی دەکات؟’ پرسیارەکە ئەوەیە ‘ئەم ناوچەیە کەی پێ دەگات؟'”

ئەم گرووپە، بە گونجاندنی سکانەکانیان لەگەڵ ئەتڵەسەکانی مێشک، بۆیان دەرکەوت ئەو ناوچانەی کە ئەستووریی توێکڵی مێشک تێیاندا نیشانەکانی [دەرکەوتنی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی لە] داهاتوودا پێشبینی دەکرد، لەگەڵ تۆڕە جیننەتیکییە چالاکەکانی نێو منداڵداندا هاوپۆشییان هەبوو.

ئەم بابەتە ئەوە نیشان دەدات کە پڕۆسەکانی گەشەی جیننەتیکی لە قۆناغە سەرەتایییەکاندا، تەنانەت چەندین ساڵ دواتریش، زەمینەسازیی مەترسییەکانی پەیوەست بە تەندروستیی دەروونی لە قۆناغی هەرزەکاریدا دەکەن.

پسپۆڕان پێیان وایە ئەستوورتربوونی توێکڵی مێشک لە کۆتایی قۆناغی منداڵیدا ڕەنگە ڕەنگدانەوەی دواکەوتن بێت لە نەرمی و گونجاندنی مێشکدا و گونجانی منداڵان لەگەڵ ژینگەی دەوروبەریاندا قورستر بکات.

بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم توێژینەوەیە پشت بە ڕەوتە بینراوەکان لەسەر ئاستی دانیشتووان دەبەستێت، زانایان جەخت لەوە دەکەنەوە کە هێشتا ناتوانرێت ئەم شێوازە وردانە لە سەنتەرە چارەسەرییەکاندا بۆ دەستنیشانکردنی تێکچوون لە تاک بە تاکی منداڵاندا بەکار بهێنرێت.

دکتۆر هۆڵمز جەختی کردەوە هەرچەندە ئەم توێژینەوەیە “یەکێک لە ڕوونترین وێنەکانی چۆنیەتیی گەشەی توێکڵی مێشک لە منداڵییەوە تا هەرزەکاری پێشکەش دەکات”، هێشتا “بە تەنیا بۆ پێشبینیکردنی دەرەنجامەکانی نەخۆشی” لە هەر منداڵێکدا بە جیا بەس نییە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەم میوەیە یارمەتیت دەدات زوو بخەویت

lana

سێ خواردن ڕێگری لە بەرزبونەوەی پەستانی خوێن دەکەن

lana

نەخۆشخانەیەکی 50 قەرەوێڵەیی دروست دەکرێت

یاسین