بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر ڕایگەیاند، بەهۆی شەپۆلی بارانبارینی بەخوڕ و بەرزبوونەوەی بەرچاوی ئاستی لێڵبوونی ئاوی ڕووبار، سەرجەم وێستگەکانی پاڵاوتنی ئاوی شاری هەولێر بە شێوەیەکی کاتی لە کارکردن وەستاون.
بەپێی ڕاگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە، ئاستی لێڵبوونی ئاو (Turbidity) گەیشتووەتە ١٢,٤٠٠ (NTU) و لە بەرزبوونەوەی بەردەوامدایە، ئەمەش لە سەرووی توانای تەکنیکیی وێستگەکانی پاڵاوتنە بۆ پاککردنەوەی ئاو. لەو چوارچێوەیەدا و لەپێناو پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتییان، کارکردن لە هەریەکە لە وێستگەکانی (ئیفراز ١، ٢، ٣ و فریاگوزاری) ڕاگیراوە.
سەبارەت بە دۆخی دابەشکردنی ئاو لە ماوەی ئەم ڕاگرتنەدا، بەڕێوەبەرایەتییەکە دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییانی شاری هەولێر کە بۆ چەند کاتژمێری داهاتوو، دابەشکردنی ئاو لە ڕێگەی عەمبارە کۆگاکراوەکانەوە بەردەوام دەبێت.
هاوکات ئاماژە بەوەش کراوە کە تیمە تەکنیکییەکان لە چاودێریکردنی بەردەوامی دۆخەکەدان و دەستبەجێ دوای نزمبوونەوەی ئاستی لێڵییەکە و گەڕانەوەی بۆ دۆخی ستاندارد، وێستگەکان دەخرێنەوە کار و پێدانی ئاو بە هاووڵاتییان ئاسایی دەبێتەوە.

