وەزارەتی وزەی سعوودیهە ڕایگەیاند کە باڵەخانەیەکی ئیداریی سەر بە کۆمپانیای نەوتی دەوڵەتیی ئارامکۆ لە ڕیاز، بەهۆی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی هێرشێکی مووشەکیی شکستخواردوو، زیانی بەرکەوتووە. ئەم ڕووداوە هیچ کوژراو و بریندارێکی لێ نەکەوتووەتەوە.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدا ڕووی دا کە هاوپەیمانیی سەربازیی بە سەرۆکایەتیی سعوودیهە ڕایگەیاند دوو مووشەکی کە لەلایەن حووسییەکانی یەمەنەوە ئاراستەی ڕیاز کرابوون، تێک شکێنراون. وەزارەتی وزەی سعوودیه قەبارەی زیانەکانی بەرکەوتووی باڵەخانەکەی بە سنووردار وەسف کرد.
کۆمپانیای ئارامکۆ هێشتا لەبارەی ئەم ڕووداوەوە هیچ لێدوانێکی نەداوە و حووسییەکانیش تا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکیان نیشان نەداوە.
پێشتر ڕۆیتەرز هەواڵی بیستنی چەندین دەنگی تەقینەوەی لە ڕیاز بڵاو کردبووەوە. ئەم دەنگانە کەمێک دوای ئەوە بیستران کە ڕێکخراوی بەرگریی شارستانیی سعوودیه لەبارەی ئەگەری ڕوودانی هەڕەشەیەک لە ناوچەکەدا هۆشداریی دابوو. بەرپرسانی سعوودیه دواتر ڕایانگەیاند کە مەترسییەکە نەماوە.
هاوپەیمانیی سەربازیی سعوودیه هەروەها ڕایگەیاند کە دوو مووشەکی کروزی لە ڕیاز و ناوچەی باشووری ئەو وڵاتە تێک شکاندووە.
حووسییەکان لە کاتی دەستپێکردنەوەی پێکدادانەکان لە مانگی تەممووزەوە، هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانیان بۆ سەر فڕۆکەخانەکان، بەندەرەکان و دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیه زیاد کردووە. سعوودیهش بنکەکانی حووسییەکانی لە یەمەن کردووەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکان.
ڕێکخراوی بەرگریی شارستانیی سعوودیه ڕۆژی یەکشەممە لە چەند ناوچەیەکی پارێزگای ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، لەوانە زەهران کە بارەگای سەرەکیی کۆمپانیای ئارامکۆی تێدایە، هۆشداریی دەرکرد و پاشان هەڵی وەشاندەوە. بەشێکی زۆری یەدەگی نەوت و گازی سعوودیه لەم پارێزگایەدا هەڵکەوتووە. بارەگای سەرەکیی ئارامکۆ لە زەهران، لە هێرشێکی مووشەکیی ١٣ی تشرینی یەکەمی حووسییەکانی یەمەن بە توندی زیانی بەرکەوتبوو.
بەپێی ڕاگەیاندنی بەرپرسانی سعوودیه، هێرشی ١٠ی تشرینی یەکەم بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ڕیازیش ١٣ کوژراو و زیاتر لە ٣٠٠ برینداری لێ کەوتووەتەوە.
زیادبوونی گرژییەکان ڕۆژێک دوای ئەوە ڕووی دا کە وەزارەتی تەندروستیی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکان ڕایگەیاند هێرشە ئاسمانییەکانی سعوودیه لە نزیک سەنعا، پایتەختی یەمەن، لانیکەم ٣٣ کوژراوی لێ کەوتووەتەوە.

