وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هاوردەکردنی ٤٨ ماددەی لە چوارچێوەی ڕۆژژمێری کشتوکاڵیدا قەدەغە کرد و ڕایگەیاند کە ٣٣ مادە لەوانە بە شێوەیەکی هەمیشەیی هاوردەکردنیان قەدەغەیە.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، قەییس ئەلحەتتاب، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) ڕایگەیاند کە ٣٣ ماددە بە شێوەیەکی هەمیشەیی خراونەتە لیستی قەدەغەکراوەکانەوە و هیچ بەدەرکردنێک یان مۆڵەتێک بۆ هاتنەژوورەوەیان نادرێت؛ لەوانەش ڕۆنی دەستکرد، ئاژەڵی دڕندە، پارچەکراوی سەری مانگا و گامێش و چەندین کەلوپەلی تر.
ڕوونی کردەوە کە ١٥ مادەی تر لە ژێر قەدەغەکردنی گۆڕاودان، کە بەرهەمەکانی سەوزە و میوە لەخۆ دەگرێت، بەپێی پێویستیی بازاڕ و بەرهەمی ناوخۆیی؛ بە جۆرێک ئەگەر بەرهەمی ناوخۆیی زۆر بێت هاوردەکردن قەدەغە دەکرێت و لە کاتی کەمیی بەرهەمدا هاوردە دەکرێتەوە.

