بۆریس پیستۆریۆس ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی زیادبوونی ژمارەی خۆبەخشەکان و گەیشتنی سوپا بە بەرزترین ئاستی هێز لە ۱۳ ساڵی ڕابردوودا، ئەڵمانیا پێویستی بە گەڕانەوە بۆ سیستەمی خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ نابێت.
بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگریی فیدراڵی ئەڵمانیا، متمانەی خۆی دەربڕی کە سوپای وڵاتەکەی لە داهاتوودا دەتوانێت بەبێ ناچارکردنی گەنجان، پێداویستییەکانی هێزی مرۆیی خۆی دابین بکات. بە گوتەی ناوبراو، ئەگەر ڕەوتی ئێستای پەیوەندیکردنی خۆبەخشانە بە سوپاوە بەردەوام بێت، هیچ بیانوویەک بۆ گەڕانەوە بۆ سیستەمی خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ نامێنێت.
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە گوتوێژێکدا لەگەڵ گرووپی میدیایی “فونکە” ڕایگەیاند: “ڕێوشوێنە پێشبینیکراوەکان لە یاسای نوێی نوێکردنەوەی خزمەتی سەربازیدا ئەنجامی ئەرێنییان هەبووە. سوپای ئەڵمانیا بە نزیکەی ١٩٠ هەزار سەربازی ژن و پیاوەوە، گەیشتووەتە بەرزترین ژمارەی هێزەکانی لە ماوەی ١٣ ساڵی ڕابردوودا.”
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بەرگری، لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا ١٨٦ هەزار و ٢٠٠ سەربازی چالاک لە سوپادا هەبوون و لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا، ژمارەی هێزە سەربازییەکان بۆ یەکەم جار لە سنووری ١٩٠ هەزار کەس تێپەڕی. ئەم ژمارەیە هاوتایە لەگەڵ ئامانجە دیاریکراوەکانی ساڵی ٢٠٢٦، کە تا کاتێک ژمارەی هێزەکان لەو ئاستەدا بمێنێتەوە، پرسی خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ ناخرێتە بەرنامەی کارەوە.
پیستۆریۆس ئاماژەی بەوەش دا کە پلان هەیە تا ساڵی ٢٠٣٥ ژمارەی هێزە چالاکەکان بگاتە لانیکەم ٢٦٠ هەزار کەس و ژمارەی هێزە یەدەگەکان لە ٧٠ هەزارەوە بۆ ٢٠٠ هەزار کەس بەرز بکرێتەوە. لە بەرامبەردا، پەیمانگای ئابووریی “ئیفۆ” پێی وایە مۆدێلی پشت بەستوو بە خزمەتی خۆبەخشانە لە ڕووی تێچووی ئابوورییەوە، لە خزمەتی زۆرەملێ گونجاوتر و کەمخەرجترە.
وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا جەختی لەوە کردەوە کە سوپا پێویستە فرەچەشنیی کۆمەڵگەی ئەڵمانیا نیشان بدات، بۆیە حکوومەت هەوڵ دەدات ژنانی زیاتر ڕابکێشێت بۆ ناو ڕیزەکانی سوپا، هەرچەندە ئاستی ئێستای بەشداریی ژنان هێشتا جێگەی ڕەزامەندی نییە.
شەڕی ڕووسیا دژ بە ئۆکراینا و زیادبوونی گرژییە ئەمنییەکان لە ئەورووپا، سیاسەتی بەرگریی ئەڵمانیای گۆڕیوە. لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ەوە مۆدێلێکی نوێی خزمەتی سەربازیی خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە کە تێیدا گەنجان زانیاریی ئامادەیی خۆیان پێشکەش دەکەن، بەڵام خزمەتکردن هێشتا بە ویستی خۆیانە. ئەڵمانیا کە پاش جەنگی جیهانیی دووەم لە سەربازیگەرێتی دوور کەوتبووەوە، ئێستا لە ڕێگەی نۆژەنکردنەوەی سوپاوە، هەوڵی بەرزکردنەوەی توانای بەرگریی خۆی دەدات.

