دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA)، داوای لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری دەرمانەکانی GLP-1 کرد کە پێوەری سەلامەتیی سەر دەرمانەکانیان نوێ بکەنەوە، تاوەکو هۆشداری بدەن لەسەر ئەگەری زیادبوونی مەترسیی نەخۆشییەکی دەگمەن بەڵام مەترسیداری چاو کە دەکرێت ببێتە هۆی لەدەستدانی هەمیشەیی بینایی.
دامەزراوەی (FDA) ڕایگەیاند کە دەرمانەکانی دابەزاندنی کێش پەیوەندییان هەبووە بە نەخۆشیی (NAION)؛ تێکچوونێکی دەماری چاو کە دەبێتە هۆی لەدەستدانی لەناکاوی بینایی لە یەک چاودا و تەنانەت کوێربوونی هەمیشەیی.
ئەم هۆشدارییە نوێیانە سەرجەم دەرمانەکانی جی-ئێل-پی-١ (GLP-1) دەگرێتەوە کە بۆ چارەسەری شەکرەی جۆری دووەم و قەڵەوی بەکار دەهێنرێن، لەوانەش دەرمانە بەناوبانگەکانی وەک ئۆزێمپیک (Ozempic) و وێگۆڤی (Wegovy) لە کۆمپانیای نۆڤۆ نۆردیسک، هەروەها مونجارۆ (Mounjaro) و زێپباند (Zepbound) لە کۆمپانیای ئەلی لیلی.
هەڵسەنگاندنەکانی FDA لەسەر بنەمای شیکاری بۆ ١٢٦ تاقیکردنەوەی کلینیکی بە بەشداریی زیاتر لە ١٣٤ هەزار نەخۆش، لەگەڵ دادەی ڕاستەقینەی ناوەندە پزیشکییەکان ئەنجام دراون، کە سەرەنجام زانایانی ڕێکخراوەکەی گەیاندە ئەوەی زیادکردنی هۆشداری بۆ تەواوی ئەم پۆلێنە دەرمانییە پێویستییەکی پێویسته.
ساڵی ڕابردووش ئاژانسی دەرمانی ئەوروپا (EMA) دیاریی کردبوو کە ئەم نەخۆشییە دەگمەنەی چاو دەبێت وەک عارزەیەکی لاوەکیی زۆر دەگمەنی ماددەی سێماگلۆتاید پۆلێن بکرێت، کە ئەگەری هەیە کاریگەری لەسەر یەک کەس لە نێوان هەر ١٠ هەزار نەخۆشدا دابنێت.

