ئەمڕۆ سێشەممە 11/10، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتنی تورکیا و شاندێکی یاوهریی کرد.
هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە. بە تایبەتی لە بواری ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی ، لەمبارەیەوە، ئاماژە بە گرنگیی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق و هەرێمی کوردستان بە تورکیا و ئەوروپا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنینەوە کرا.
هەروەها هەردوولا پشتیوانیی خۆیان بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دووپات کردەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، باس لە پرۆسەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان کرا و بانگەوازی سەرۆک بارزانی بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی سیاسیی هەرێمی کوردستان و پێکهێنانی حکومەتێکی بنکە فراوان، بەرز نرخێنرا.

