ئەمڕۆ پێنجشەممە 2026.11.12، بە ئامادەبوونی د.سامان بەرزنجی. وەزیری تەندروستی، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، د.زانا مەلا خالید، بەرپرسی لقی2ی پارتی، د.دلۆڤان محمد، بەرێوەبەری گشتی تەندروستی، و ژمارەیەکی دیكە لە بەرپرسانی کەرتی تەندروستی، ئەکادیمییان و پزیشکانی پسپۆڕان، ڕێورەسمی ڕاگەیاندن و دەستپێکردنی سەکۆی (DR TALK) بەڕێوەچوو.
سەکۆی (DR TALK) وەک پرۆژەیەکی نوێ و تایبەت، ئامانجی سەرەکی کۆکردنەوەی پزیشکان، توێژەران و پسپۆڕانی بوارە جیاوازەکانی پزیشکییە لە هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی دروستکردنی پردێکی زانستی بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموون، تاوتوێکردنی نوێترین پێشکەوتنە پزیشکییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان.
لە میانەی مەراسیمەکەدا، چەندین وتار و پانێڵی زانستی پێشکەش کران و تیشک خرایە سەر گرنگی هەماهەنگی نێوان پزیشکانی گەنج و پسپۆڕە بەئەزموونەکان، هەروەها جەخت لەوە کرایەوە کە ئەم سەکۆیە دەبێتە مینبەرێکی بەردەوام بۆ پەرەپێدانی توانا پزیشکییەکان و خستنەڕووی داهێنانە زانستییەکان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا.

