دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی پووچەڵکردنەوەی هەوڵی فرۆشتنی پارچەشوێنەوارێکی دەگمەنی بە بڕی ٧٥٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی ڕاگەیاند و فەرمانبەرێکی حکومیشی بە پارچەشوێنەوارەکەوە دەستگیر کرد.
دەستەی دەستپاکی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە زانیارییان پێ گەیشتووە سەبارەت بە چالاکیی باندێکی تایبەت بە دزین و بازرگانیکردن بە پارچەشوێنەوارەکان، کە بەنیاز بوون پارچەشوێنەوارێکی دەگمەن بە بڕی ٧٥٠ هەزار دۆلار بە بازرگانێک بفرۆشن.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکه، “دوای دەرچوونی بڕیاری دادوەری، تیمی کارکردن دەستی بە بەدواداچوون و دانانی بۆسەیەکی تۆکمە کرد، کە بووە هۆی دەستگیرکردنی یەکێک لە تۆمەتبارەکان کە فەرمانبەری کۆمپانیای گشتیی پێداویستییە کشتوکاڵییەکان/ لقی نەینەوایە و پارچەشوێنەوارەکەشی پێ بووە.”
له راگەیەندراوەکەدا هاتووه، “تۆمەتبارەکە لە کاتی لێپێچینەوەدا دانی بەوەدا ناوە کە لەگەڵ تۆمەتباری تردا بەشداریی لە پرۆسەکانی فرۆشتنی پارچەشوێنەوارەکاندا کردووە و لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا یەکێک لەو بازرگانانەی تێوەگلاوە لەو کارانە دەستنیشان کراوە و فەرمانی دەستگیرکردن و بەدواداچوونی بۆ دەرچووە.”
دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بەوەش دا کە کۆنووسی یاسایی بۆ ئۆپەراسیۆنەکە بەپێی ماددەی (٤٠) لە یاسای شوێنەوار و کەلەپووری عێراقی ڕێکخستووە و تۆمەتبار و بەڵگە دەستبەسەرداگیراوەکان خراونەتە بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند و بڕیاری ڕاگرتنی تۆمەتبارەکە لەسەر دۆسیەکە دەرچووە.

