بەپێی ئامارەکانی دەزگای ئاماری تورکیا (TÜİK)، عێراقییەکان لە لیستی ئەو نەتەوانەن کە زۆرترین خانوویان لە تورکیا کڕیوە. لە تشرینی یەکەمی 2026ـدا، عێراقییەکان 159 خانوویان کڕیوە و بەوەش پلەی سێیەمیان لەدوای هاووڵاتییانی رووسیا و ئێران بەدەستهێناوە.
داتاکان کە ئاژانسی شەفەق نیوز بڵاویکردوونەتەوە، دەریدەخەن فرۆشی خانووبەرە بە بیانییەکان لە تورکیا لە تشرینی یەکەمدا بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردوو 0.9% بەرزبووەتەوە. کۆی فرۆشی خانووبەرە بە بیانییەکان گەیشتووەتە 2 هەزار و 259 خانوو، کە 1.7%ـی کۆی فرۆشی خانووبەرەی تورکیای پێکهێناوە.
هاووڵاتییانی رووسیا بە کڕینی 477 خانوو لە پلەی یەکەمی کڕیارە بیانییەکاندا هاتوون. دوای ئەوان ئێران بە کڕینی 193 خانوو، عێراق بە 159 خانوو و 7 موڵکی بازرگانی، ئۆکرانیا بە 152 خانوو و ئەڵمانیا بە 123 خانوو دێن.
لە دە مانگی یەکەمی ئەمساڵیشدا، فرۆشی خانووبەرە بە بیانییەکان بەراورد بە هەمان ماوەی 2025 بە رێژەی 3.6% دابەزیوە و 17 هەزار و 567 خانووی تۆمارکردووە.
بازاڕی خانووبەرەی نیشتەجێبوون لە تورکیا لە تشرینی یەکەمدا پاشەکشەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە. فرۆشی گشتی بە رێژەی 23.3% بەراورد بە ساڵی رابردوو دابەزیوە و گەیشتووەتە 131 هەزار و 72 خانوو، لەکاتێکدا لە هەمان مانگی ساڵی رابردوو 170 هەزار و 955 خانوو بووە.

