چالاکوانان ڕایانگەیاند، بڵاوبوونەوەی چەند وێنەیەکی دەگمەنی گرووپێکی دابڕاوی خەڵکی ڕەسەن کە لە ناوچەیەکی دوورەدەستی دارستانە باراناوییەکانی ئامازۆن لە بەرازیل هاتوونەتە دەرەوە، تیشک دەخاتە سەر ئەو مەترسییانەی کە بەهۆی داربڕەکان، ڕاوچییەکان و ئاژەڵدارانەوە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
ڕێکخراوی “سێرڤایڤڵ ئینتەرناشناڵ” (Survival International) بۆ مافەکانی گەلانی ڕەسەن کە بنکەکەی لە بەریتانیایە، ڕۆژی سێشەممە (١٧ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦) وێنەکانی بڵاوکردەوە و ڕووداوەکەی بە “بەریەککەوتنێکی مێژوویی” ناوبرد. بە گوتەی ڕێکخراوەکە، ڕۆژێک پێشتر لە ناوچەیەکی ویلایەتی “مارانیاو” لە باکووری ڕۆژهەڵاتی بەرازیل، تیمێکی حکوومی و نزیکەی ٢٠ کەس لە هۆزی دابڕاوی “ئاوا” (Awá) یەکتریان بینیوە و ئەندامانی هۆزەکە داوای خواردنیان کردووە.
ڕێکخراوە مافپەروەرەکە پێناسەی “گرووپە دابڕاوەکان” بەوە دەکات کە ئەو گەلە ڕەسەنانەن خۆیان لە بەرکەوتن لەگەڵ کەسانی دەرەکی بەدوور دەگرن و هیچ پەیوەندییەکی هەمیشەییان لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا نییە، هەرچەندە ئاگاداری بوونی جیهانی دەرەوەشن.
ڕێکخراوی سێرڤایڤڵ ئینتەرناشناڵ ئاماژەی بەوە کردووە: “لە مێژووی نزیکدا و بە دڵنیاییەوە بۆ چەند دەیەیەک دەبێت، هیچ نزیکبوونەوەیەکی هاوشێوەی لەم جۆرە لەگەڵ هۆزی ئاوا ڕووینەداوە.” ڕێکخراوەکە پێی وایە ڕەنگە ئەندامانی هۆزەکە بەهۆی ئەو فشارانەی لەلایەن کەسانی دەرەکییەوە لە ڕێگەی چوونە ناو خاکەکەیانەوە دەکرێتە سەریان، ناچار بووبن داوای خواردن بکەن.
لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی کاروباری خەڵکە ڕەسەنەکانی بەرازیل ناسراو بە “فونای” (Funai) لە ڕاگەیەندراوێکدا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ئاشکرای کرد کە خەریکی پێداچوونەوەن بەو گرتە ڤیدیۆیی و زانیارییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوونەتەوە و پیشانی دەدەن کە خەڵکی دابڕاوی ئاوا مامەڵە لەگەڵ گوندێکی ناو زەویی ڕەسەنەکانی “ئاراریبۆیا” لە مارانیاو دەکەن.
فونای ڕاشیگەیاند کە پلانی فریاکەوتنیان بۆ دۆخی بەریەککەوتن خستووەتە کار، بە مەبەستی کەمکردنەوەی مەترسییە تەندروستییەکان بۆ سەر خەڵکە ڕەسەنەکە. هەروەها جەختی کردەوە کە دەوڵەتی بەرازیل هەوڵی پەیوەندیکردن بەم گرووپەوە نادات و سیاسەتی فەرمییان هەر بریتییە لە “نەبەستنی پەیوەندی”.
سێرڤایڤڵ ئینتەرناشناڵ ڕوونیکردەوە کە وێنەکانیان لەسەر داوای گرووپێکی خەڵکی ڕەسەن بە ناوی “پاسەوانانی ئامازۆن” بڵاوکردووەتەوە، کە هەڵمەت دژی داربڕە نایاساییەکان و خاوەن کێڵگە ئاژەڵدارییەکان ئەنجام دەدەن. ئاژانسی ڕۆیتەرز نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ شوێن و کاتی تۆمارکردنی دیمەنەکان پشتڕاست بکاتەوە، بەڵام هیچ وەشانێکی کۆنتری ئەو وێنانە پێش ١٧ـی تشرینی دووەم لە ئینتەرنێت نەدۆزراونەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی فونای، هۆزی ئاوا سەر بە گەلی “توپی-گوارانی”ـن لە باکووری ڕۆژئاوای مارانیاو و بەشێکیان بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە لە دابڕاندا دەژین. لە دەیەکانی ڕابردوودا، گرووپە دابڕاوەکان لە سەرانسەری ئامازۆن کە گەورەترین دارستانی باراناوی جیهانە، کەوتوونەتە بەر هەڕەشەی کانزاکارە نایاساییەکان، داربڕەکان و ئاژەڵداران.
لەم بارەیەوە، کارۆلین پیرس، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی سێرڤایڤڵ ئینتەرناشناڵ، وتی: “هۆزی دابڕاوی ئاوا لەژێر فشارێکی یەکجار تونددان، چونکە دەستدرێژیکاران لە هەموو لایەکەوە سنووری خاکەکەیان دەبەزێنن و بەرەو دوورگەیەکی بچووکتر و بچووکتر لە دارستانی ئامازۆن پاڵیان دەنێن کە بە وێرانکاری دەورە دراوە.”
بەپێی ئامارەکانی ئەم ڕێکخراوە، ١٩٦ گرووپی دابڕاوی ڕەسەن لە ١٠ وڵاتی ئەمریکای باشوور، ئاسیا و زەریای هێمن دەستنیشان کراون، کە نزیکەی ٩٥٪ـیان لە ناوچەی ئامازۆنن و ١٢٤ گرووپیان بە دیاریکراوی لە بەرازیلن.
هاوکات، ڕێکخراوی گەلانی ڕەسەنی مارانیاو (COAPIMA) ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، ئەم بەریەککەوتنە لەگەڵ خەڵکی ئاوا “گرنگیی هەنگاونانی وریایانەی لایەنە بەرپرسەکان دەردەخات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەترسییانەی کە بەریەککەوتنێکی بێپلان دەتوانێت بۆ سەر دانیشتووانە دابڕاوەکان دروستی بکات، بەتایبەتی لە ڕێگەی بەرکەوتنیان بە نەخۆشی و هەڕەشەکانی دیکە بۆ سەر مانەوە و سەلامەتییان.”
رۆیتهرز

