zagros news agency

شەکرە لە ئێران گەیشتووەتە منداڵانی یەک تا سێ ساڵان

 

سەرۆکی ئەنجوومەنی پزیشکانی منداڵان لە ئێران هۆشداری دەدات کە دوای پەتای کۆرۆنا، ژمارەی تووشبوون بە شەکرەی جۆری یەک لە منداڵانی یەک تا سێ ساڵان زیادی کردووە و چەندین هەزار منداڵ لە ئێران تووشی ئەم نەخۆشییە بوون.
عەلی ڕەبانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پزیشکانی منداڵان لە ئێران، ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی تشرینی دووەم لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئیلنا هۆشداریدا و گوتی: “شەکرەی جۆری یەک، باوترین جۆری شەکرەیە لە نێوان منداڵان و هەرزەکارانی خوار ١٨ ساڵ و لە ساڵانی ڕابردوودا، بەتایبەت دوای پەتای کۆرۆنا، حاڵەتەکانی تووشبوون بەم نەخۆشییە لە تەمەنی کەمتردا، تەنانەت لە منداڵانی یەک تا سێ ساڵانیشدا بینراوە.”
ڕەبانی بە ئاماژەدان بە جۆرەکانی شەکرە، زیادیکرد کە شەکرەی جۆری دوو زیاتر لە گەورەساڵاندا باوە، بەڵام لە منداڵان و هەرزەکارانی خوار ١٨ ساڵدا، زۆربەی حاڵەتەکانی تووشبوون پەیوەندی بە شەکرەی جۆری یەکەوە هەیە. ڕەبانی شەکرەی جۆری یەکی وەک “نەخۆشییەکی خۆپارێزی” وەسف کرد و لەم بارەیەوە گوتی: “لەو نەخۆشییەدا، سیستەمی بەرگریی لەش هێرش دەکاتە سەر خانەکانی بەرهەمهێنەری ئەنسۆلین لە پەنکریاس و زیانیان پێدەگەیەنێت. لە ئەنجامدا، بڕی دەردانی ئەنسۆلین کەم دەبێتەوە و لەش ناتوانێت شەکرەی خوێن بە دروستی کۆنترۆڵ بکات.” بە گوتەی ئەو، بەرزبوونەوەی شەکرەی خوێن لە منداڵاندا بەزۆری لەگەڵ نیشانەکانی وەک “زۆر میزکردن و زۆر ئاوخواردنەوە” دایە و لەبەر ئەوە، دایک و باوکان دەبێت بەرانبەر بەم نیشانانە هەستیار بن و لە کاتی بینینیاندا بۆ پشکنینی باری تەندروستیی منداڵەکە سەردانی پزیشک بکەن. بەپێی خەمڵاندنەکانی ئەو، لە ئێستادا “چەندین هەزار منداڵی تووشبوو بە شەکرەی جۆری یەک” لە ئێران لەژێر چارەسەردان.
سەرۆکی ئەنجوومەنی پزیشکانی منداڵان لە ئێران لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ئیلنا ڕایگەیاند: “شەکرەی جۆری یەک لە منداڵاندا بەزۆری دوو قۆناغی لووتکەی تووشبوونی هەیە؛ یەکێکیان لە تەمەنی سەرەتای قوتابخانە، نزیکەی پێنج تا حەوت ساڵان، و ئەوی دیکەشیان لە ساڵانی سەرەتای باڵغبووندا. لەگەڵ ئەوەشدا، لە ساڵانی ڕابردوودا حاڵەتەکانی تووشبوون لە تەمەنی کەمتردا بینراوە.”

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەو خواردنانەی تایبەتن بە گەدەی پڕ و خاڵی

lana

ئەو خواردنەوەیەی مەترسی شێرپەنجەی قۆڵۆن زیاد دەکات

lana

پێنج خواردن ڕێگری لە دروستبوونی زیپکە دەکەن

lana