zagros news agency

عەبدولستار ئەحمەد: ناردنی تاکلایەنەی هێزی فیدراڵی بۆ هەرێم ڕێگەپێدراو نییە و پێویستی بە ڕەزامەندیی فەرمییە

 

نووسەر عەبدولستار ئەحمەد، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس، ڕای دەگەیەنێت کە بەپێی دەستووری عێراق و یاساکانی هەرێم، حکوومەتی فیدراڵی ناتوانێت بە شێوەیەکی تاکلایەنە هێزی سەربازی ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات. گوتیشی، هەر دەستوەردان یان جووڵەیەکی سەربازی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، پێویستی بە ڕەزامەندیی فەرمی و هەماهەنگیی هاوبەشی نێوان هەردوو حکوومەت هەیە، و ئاماژە بەوەش دەکات کە ڕێزگرتن لە دەسەڵاتە دەستوورییەکان پارێزەری سەروەری و سەقامگیریی وڵاتە.

 

لەگەڵ پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکانی دۆسیەی جورف سەخر—کە بە پێگەی سەرەکیی گرووپە چەکدارەکان و ناوەندی قاچاخی نەوت دادەنرێت—گوتاری سەربازیی بەغدا بەرامبەر ئەم دۆسیەیە توندتر بووە. لەم ناوەندەدا لێدوانی بەشێک لە بەرپرسانی ئەمنیی فیدراڵ کە ئاماژە بە جووڵاندنی هێز لە زاخۆوە تا بەسڕە دەکەن، پرسیاری یاسایی هێناوەتە ئاراوە؛ ئایا بەغدا دەتوانێت بە هەمان ئاسانی هێز ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات؟

لە وەڵامدا، عەبدولستار ئەحمەد ڕای دەگەیەنێت کە چوارچێوەیەکی دەستووریی ڕوون هەموو پەیوەندییە سەربازییەکان ڕێک دەخات. بەپێی ماددەی (١٢١/٥)ـی دەستووری عێراق، پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ و ڕێکخستنی هێزە ئەمنییەکان لە دەسەڵاتی تایبەتی حکوومەتی هەرێمە. گوتیشی، هەرچەندە داڕشتنی سیاسەتی بەرگری بەپێی ماددەی (١١٠) لە دەسەڵاتی فیدراڵدایە، بەڵام جێبەجێکردنی پێویستی بە هاوسەنگی و ڕێزگرتن لە هەرێم هەیە.

سەبارەت بە ڕێکارە یاساییەکانیش، عەبدولستار ئەحمەد ڕای دەگەیەنێت بەپێی ماددەی (١٠) لە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم (ژمارە ١ی ساڵی ٢٠٠٥)، دەستوەردان هێزی فیدراڵی مەرجدارە بە ڕەزامەندیی سەرۆکی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان. گوتیشی، یاسای وەزارەتی پێشمەرگە (ژمارە ١٩ی ساڵی ٢٠٠٧) پێشمەرگەی وەک هێزێکی فەرمی بۆ بەرگری لە سنوورەکانی هەرێم دیاری کردووە.

لە کۆتاییدا عەبدولستار ئەحمەد ڕای دەگەیەنێت کە هیچ دەسەڵاتێکی تاکلایەنە بۆ بەغدا نییە هێز بچێنێتە ناو شارەکانی هەرێمەوە، و گوتیشی لە ناوچەکانی بۆشایی ئەمنی و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانیشدا دەبێت هەماهەنگیی هاوبەش هەبێت، و ئاماژە بەوەش دەکات کە تەنیا میکانیزمی لێکتێگەیشتنی هاوبەش دەتوانێت ئاسایش و سەلامەتیی گشتی بپارێزێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

پڕۆژەی هێلی گه‌رمی دەستەی دەستپاکی ڕاگەیەنرا

سەڵاح

ماستەر پلانی وەزارەتی کارەبای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ 10 ساڵی داهاتوو ئامادە کرا

سەڵاح

دوو تۆمه‌تبار ده‌ستگر كران و زیاتر له‌ یازده‌ كیلۆ مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا

سەڵاح