ئێڵۆن ماسک، بازرگانی ئەمریکی بەڵێنیدا دوو پشکی کۆمپانیای سپەیس ئێکس بە هەر منداڵێکی ئەمریکا ببەخشێت، کە یەکێکیان لەلایەن کۆمپانیاکەوە تەرخان دەکرێت و ئەوی دیکەیان لە پشکە تایبەتەکانی خۆیەوە دابین دەکرێت. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەک بۆ فراوانکردنی بەشداریی منداڵان لە بازاڕی پشکەکاندا دێت.
ماسک لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی: “هەر منداڵێکی ئەمریکا دوو پشکی سپەیس ئێکس وەردەگرێت، پشکێک لەلایەن کۆمپانیاکەوە و پشکێکیش لەلایەن خۆمەوە”.
چوارشەممەی رابردوو، سپەیس ئێکس رایگەیاند پشکێکی ئاسایی نوێی پۆلی A بۆ هەر هەژمارێکی چالاک لە چوارچێوەی بەرنامەی وەبەرهێنانی هەژمارەکانی ترەمپ تەرخان دەکات. لە وەڵامی ئەو راپۆرتانەدا، ماسک ئاشکرایکرد پشکێکی دیکە لە سامانە تایبەتەکەی خۆیەوە پێشکەش بە هەر سوودمەندێک دەکات.
بەرنامەی هەژمارەکانی ترەمپ ئامانجییەتی بەشێک لە بازاڕی پشکەکان بداتە ئەو ئەمریکیانەی تەمەنیان لە 18 ساڵ کەمترە و یارمەتییان بدات لە تەمەنێکی بچووکدا سامان بۆ خۆیان کۆبکەنەوە. کۆشکی سپی تشرینی یەکەمی رابردوو رایگەیاند، نزیکەی 70 ملیۆن هەژمار لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەدا کراوەتەوە.
نرخی هەر پشکێک لە کاتی داخستنی بازاڕ لە چوارشەممەی رابردوودا گەیشتووەتە 127.44 دۆلار. بەهای کۆی ئەو پشکانەی ماسک بەڵێنی پێشکەشکردنی داون، بە نزیکەی 18 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
کۆمپانیاکە روونیکردەوە، ئایا ئەو پشکانەی ماسک بەشێوەی تایبەت پێشکەشی دەکات لە رێگەی هەژمارەکانی ترەمپەوە دابەش دەکرێن یان نا. هاوکات دیار نییە ئایا ئەو پشکانە بۆ ماوەیەک قەدەغەی فرۆشتنیان لەسەر دەبێت یان نا.
کریستۆفەر برانکین، راوێژکاری بازاڕە جیهانییەکان لە کۆمپانیای نێوەندگیریی میترێد گرووپ گوتی: “ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی دروستکردنی بنکەیەکی فراوانی پشکدارانی تاکەکەسی لە ماوەی درێژخایەندا و بەهێزکردنی بەشداری لە بازاڕی پشکەکاندا”. برانکین گوتی، ئەمە بنکەیەکی گەورەی کڕیارانی پێشبینیکراو بۆ سەکۆکانی مامەڵەکردن دابین دەکات کاتێک سوودمەندان دەگەنە تەمەنی یاسایی.
سامانی ماسک بە نزیکەی 824 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت. تشرینی یەکەمی رابردوو، ماسک بەڵێنی دابوو پشکێکی سپەیس ئێکس بداتە هەر منداڵێکی ئەمریکا و رایگەیاند، ئەو دەستپێشخەرییە یەکەم دەبێت لە زنجیرەیەک دەستپێشخەریی هاوشێوە.
پێشتریش ماسک لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسیبووی، پێشکەشکردنی پشکەکان وەک بەشێک لە ئابووریی داهاتوو راستەوخۆ بۆ خەڵک، رێگەیەکی دروستە.

