لە سەرەتای پێکهێنانی لیژنەی ماددە هۆشبەرەکان و ماددە دەروونییەکانی پەرلەمان زیاتر لە 90 چالاکیان ئەنجامداوە.
سەرۆکی لیژنەکە لە پەرلەمانی عێراق، عەدنان ئەلجحێشی گوتی: “لیژنەکە هەوڵی هەموارکردنەوەی یاسای ماددە هۆشبەرەکان و ماددە دەروونییەکان ژمارە (50)ی ساڵی 2017ی دا، چونکە سزا یەکێکە لە گرنگترین میحوەرەکان کە هەوڵدەدەین لە یاساکەدا هەموار بکەینەوە، بەو پێیەی لیژنەکە بڕیاریدا سزاکان لەسەر بازرگانان و کۆڵبەرانی ماددە هۆشبەرەکان توندتر بکرێتەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، میحوەری چارەسەرکردن بریتییە لە بەشداریکردنی کلینیکە تایبەتەکانی دەرەوەی نەخۆشخانە لە چارەسەرکردن و چاکسازی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان و دامەزراندنی سەنتەری چاکسازی کۆمەڵایەتی لە هەموو پارێزگاکان بە مەبەستی چارەسەرکردن و ڕاهێنان لە بەرنامەکانی چاکسازی و یەکگرتندا.
ئەلجحێشی باسی لەوەکرد، لیژنەکانی یاسایی، تەندروستی، ژینگە، ئاسایش، و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەران هاوکارن لەگەڵ لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بە ئەنجامدانی کۆبوونەوە و دیراسەکردنی سەرجەم پێشنیارەکان بۆ هەموارکردنەوەی ئەو یاسایەی پێشتر ئاماژەی پێکراوە.
ڕوونیشیکردەوە، “بە پشتبەستن بە داتا و ئاماری دەسەڵاتە فەرمییە ڕێگەپێدراوەکان، ژمارەی ئەوانەی تۆمەتبارن بە بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر لە ساڵی 2020 تا نیوەی یەکەمی ساڵی 2024 نزیکەی (59 هەزار و 300) کەسە، هەروەها ئەو ماددە هۆشبەرانەی دەستیان بەسەردا گیراوە ساڵانە 15 بۆ 18 ملیۆن حەبە، سزادراوان بە تاوانی ماددە هۆشبەرەکان بە گشتی گەیشتووەتە 10 هەزار و 927 سزادراو.