ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

کەنەداش سوپای پاسداران دەخاتە ناو لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە

 

دوای ئه‌مه‌ریكا و سعودیه‌ و به‌حره‌ین، بڕیارە لەم هەفتەیەدا حکومەتی کەنەدا سوپای پاسداران بخاتە ناو لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە، بەڵام هێشتا دانوستانەکان بەردەوامن.

کەناڵی هەواڵی سی بی سی کەنەدا بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردووەتەوە کە حکومەتی کەنەدا بەنیازە بەپێی یاسای تاوانەکانی ئەو وڵاتە، سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە ناو لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە بڕیارە لەم هەفتەیەدا حکومەتی کەنەدا ئەم بابەتە ڕابگەیەنێت، بەڵام هێشتا دانوستانەکان بەردەوامن و وردەکارییەکان یەکلایی نەکراونەتەوە.

بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران لەلایەن کەنەداوە بەو مانایەیە کە پۆلیسی ئەو وڵاتە دەتوانێت هەر کەسێک لە ڕووی دارایی یان ماددییەوە پشتیوانی ئەم گرووپە بکات، دەستگیر بکات. هەروەها ڕێگە بە بانکەکان دەدرێت سەروەت و سامانی ئەو کەسانە سڕ بکات.

حکومەتی جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا، ئەم بڕیارەی دوای چەندین ساڵ فشاری لایەنەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی داوە، لەوانە فشاری بنەماڵەی قوربانیانی فڕۆکەی پی ئێس 752 کە لەلایەن سوپای پاسدارنەوە خرایە خوارەوە.

ئەندامانی پەرلەمانی کەنەدا مانگی ڕابردوو بە کۆی دەنگ ئەو ڕێوشوێنەیان پەسەند کرد و داوایان لە حکومەتی کەنەدا کرد کە سوپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی “تیرۆریستی” بناسێنێت.

هەروەها یاسادانەرانی کەنەدا لە ساڵی 2018دا پلانی بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسدارانیان پەسەند کرد، بەڵام حکومەتەکەی جەستن ترودۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا پلانەکەی جێبەجێی نەکرد.

پێشتریش ئه‌مه‌ریكا و سعودیه‌ و به‌حره‌ین سوپای پاسدارانیان خسته‌ لیستی گروپه‌ تیرۆرستییه‌كان.

دیپلۆماتکارانی یەکێتی ئەوروپا گومانیان هەیە لە دانانی ناوی سوپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، لە کاتێکدا نوێنەرانی پەرلەمانی ئەوروپا لەم دواییانەدا دەنگیان بە زیادکردنی ناوی سوپای پاسداران دا بۆ لیستی گروپە تیرۆریستییەکان.

 

voa

هەواڵی پەیوەندیدار

میسان… تەرمی گەنجێکی ڕفێندراو بە کوژراوی دۆزرایەوە

یاسین

چه‌مچه‌ماڵ… تیرۆریستێک دەستگیرکرا کە لە عێراق داواکراوە

سەڵاح

کاتی گەڕانەوەی ئالابا لەپێکانەکەی دیاریکرا

یاسین