ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

قۆناخی کۆتایی هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماریی ئێران سبەی هەینی بەڕێوە دەچێت

 

بەیانیی ئەمڕۆ مۆڵەتی بانگەشەی گەڕی دووهەمی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆککۆماریی ئێران کۆتایی هات. هەڵبژاردن کاتژمێر هەشتی بەیانیی ڕۆژی هەینی دەست پێ دەکات و دەکرێت ماوەی دنگدان هەتا کاتژمێر 12ی شەو بەردەوام بێت.

دوو بەربژێر یەکیان نوێنەری ریفۆرمخوازانە و ئەوی دیکە سەر بە باڵی بناژۆخوازە، لەم هەڵبژاردنەدا ڕکابەریی یەکتر دەکەن. هەر کامیان دەنگی زیاتر بە دەست بێنێت دەبێتە سەرۆککۆمار، بەڵام جیاوازیی دەنگەکانیان لە هەڵبژاردنی ڕۆژی هەینیی ڕابردوودا کەمتر لەوە بوو هیچکامیان لە سەرکەوتنی خۆیان دڵنیا بن. هەر بۆیەش لە ماوەی پێنج ڕۆژی ڕابردوودا ئەوەندەی توانیان لە دژی یەکتر بانگەشەیان کرد و بەڵێنیان بە هاووڵاتیان دا.

مەسعوود پزیشکیان، بەربژێری ریفۆرمخوازان دەڵێت: “من بەڵێنی ئەوەتان دەدەمێ لە مافەکانی هەموو چین و توێژەکان، هەموو گەلان، هەموو ڕەگەزەکان و هەموو ئەو کەسانەی لەم وڵاتەدا دەژین، بەرگری دەکەم. بە شەرەفم سوێند دەخۆم بەرگریتان لێ دەکەم.

بە پێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی نێوخۆ 24 ملیۆن و 535 هەزار و 185 کەس لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردندا دەنگیان دا و ڕێژەی بەشداریی هاووڵاتیان کەمتر لە  40٪ بووە.

لەو چوار بەربژێرەی لە ڕکابەرییەکاندا مابوونەوە، مەسعوود پزیشکیان بەربژێری ریفۆرمخوازەکان بە 10 ملیۆن و 415 هەزار و 991 دەنگ پلەی یەکەمی بەدەست هێنا و لە دوای ئەویش سەعید جەلیلی، یەکێک لە دوو بەربژێری سەرەکیی بناژۆخوازان بە 9 ملیۆن و 473 هەزار و 298 دەنگ پلەی دووهەمی بەدەست هێنا.

محەممەد باقر قالیباف، بەربژێری دیکەی بناژۆخوازان، پاش ئەوەی بە 3 ملیۆن و 383 هەزار و 340 دەنگ نەیتوانی بگاتە گەری دووهەم پشتیوانیی خۆی بۆ سەعید جەلیلی ڕاگەیاند.

جەلیلی وەک بەربژێری باڵی دەسەڵاتدار، جەخت لەسەر بەردەوامبوونی سیاسەتەکانی کابینەی ئیبراهیم ڕەئیسی و بەرەنگاربوونەوی خۆرئاوا دەکاتەوە.

سەعید جەلیلی  بەربژێری بناژۆخوازان دەڵێت:  بە هێزەوە بەرگری لە مافەکانی نەتەوەی خۆمان دەکەین. هەم لە بەرانبەر گەندەڵیی نێوخۆییدا ڕادەوەستین و هەم لە بەرانبەر گوشاری دەرەکیدا. ئیزن بە کەس نادەین هێزی نەتەوەی ئێمە سنووردار بکات.

هەواڵی پەیوەندیدار

شاندێكی ئیماراتی له‌ بواری شوێنه‌واردا له‌ هه‌ولێرن

سەڵاح

ژماره‌ وهۆكاری گیانله‌ده‌ستدانی حاجیانی ئه‌مساڵ راگه‌یه‌نرا

سەڵاح

حه‌ماس: ئیسرائیل لە هێرشێکدا لانیکەم 30 کەسی كوشت، ئیسرائیل: ناوەندێکی سەرکردایەتی حەماسیان كردۆته‌ ئامانج

سەڵاح