ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

سەرۆكی پارتێكی توركمانی: بەغدا بە ئاشكرا زوڵم لە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەكات

سەرۆكی پارتێكی توركمانی رەخنەی توند لە دواخستنی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی كوردستان لە لایەن حكوومەتی فیدڕاڵی دەگرێت و رای دەگەیەنێت كە بەغدا بابەتی مووچەی كردۆتە كارتێك و بە ئاشكرا زوڵم لە مووچەخۆرانی كوردستان دەكات.

محەمەد سەعدەدین، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی رایگەیاند،“ئەوەی بەغدا دەیكات نایاساییە، بڕیاری دادگای فیدراڵی هەیە بۆ ئەوەی مووچە دوا نەكەوێت، بەڵام ئەو سیاسەتەی بەغدا بەو جۆرەیە كە گوشار لە هەرێمی كوردستان بكات و بۆ ئەوەش مووچەی فەرمانبەران وەك ئامرازێك بەكار دێنێت.“

ڕوونیشی كردەوە كە ”ئەوەی بەغدا دەیكات، نایاساییە و یاریكردنە بە چارەنووسی مووچەی فەرمانبەران. هەروەها بەسیاسیكردنی مووچەی فەرمانبەرانه و ئامانج لێی فشاركردنە لە حكوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆیە هەموو كات مووچەی دوا خستووە.“

سەرۆكی ئەو پارتە توركمانییە باسی لەوە كرد كە پێشتر دەیانگوت هۆكاری دواخستنی ناردنی مووچە بابەتی ناردنی لیستی مووچەیە، بەڵام ”دەركەوت بەغدا راست ناكات كە دەڵێت زووتر لیست بنێرن، چونكە مانگيكه  هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی ناردووە و تا ئێستا بەغدا پارەی نەناردووە، جارێك داوای لیستی مووچە بە سیدی و جارێكیش داوای كاغەز و هەر جارەی داوای شتێك دەكەن. لە سێ مانگی رابردووش كێشەیان بۆ مووچەی هێزە تەناهییەكان دروست كرد و دوو مووچەیان دوا خست. كێشەكە پابەندنەبوونی بەغدایە بەو رێككەوتنانەی كە دەكرێت.“

لە كۆتاییشدا نەیشاردەوە كە لە كاتێكدا بەرەو كۆتایی مانگی هەشت دەچین، كەچی هێشتا وەزارەتی دارایی عێراق پارەی مووچەی مانگی حەفتی بۆ مووچەخۆرانی كوردستان نەناردووە، بۆیە ”بەغدا بە ئاشكرا زوڵم لە مووچەخۆرانی كوردستان دەكات.“

هەواڵی پەیوەندیدار

دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا و بریتانیا دەڵێن جیهان لە ژێر هەڕەشەی جۆراوجۆر دایە

سەڵاح

جامی یۆرۆ.. جەنگی هۆڵەندا و فەرەنسا بەبێ گۆڵ کۆتاییهات

یاسین

وەزارەتی ناوخۆی ئێران: مەسعود پزیشکیان لە پێشەوەی کاندیدەکان دێت

یاسین