ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و کونسوڵی ئەمریکا پاراستنی ئازادییە گشتییەکان و مافی مرۆڤ تاوتوێ دەکەن

 

ڕۆژی دووشەممە ڕێککەوتی ٢ی ئەیلولی ٢٠٢٤ ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی له بەڕێز ستیڤ بێتنەڕ کونسوڵی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هەولێر و شاندێکی یاوەری کرد.

لە بارەی کۆبوونەوەکە د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند:  هەماهەنگیمان هەیە لەگەڵ کونسوڵخانەی ئەمریکا بەتایبەتی لە هاوبەشی کردنی زانیارییەکانی بواری مافی مرۆڤ، ئەمەش لە ڕاپۆرتی ساڵانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەربارەی مافی مرۆڤ و ئازادییە ئایینییەکان بە ئاشکرا ڕەنگی داوەتەوە لە ساڵانی رابردوو.

ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها وتی: لە کۆبوونەوەکەدا تیشکمان خستە پڕۆسەی چاکسازی و هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم لە بوارە جیاوازەکانی حوکمڕانی باش، لەوانەش پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢١-٢٠٢٥) کە لە کابینەی نۆیەمدا پەسەند کراوە وبەپێی دوایین راپۆرتی پلانەکە ڕێژەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی بۆ (٧٤٫١٪) بەرزبووەتەوە ئەمە ئاماژەیەکە بۆ پابەندبوونی حکومەتی هەرێم بە پرسی مافەکانی مرۆڤ.

بەڕێز ستیڤ بێتنەڕ کونسوڵی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەوەی ڕاگەیاند کە لە کونسوڵخانی ئەمریکا پێشوازی لەو پێشکەوتنانە دەکەن کە لە هەرێمی کوردستان بەدیدەکرێن، سەرەڕای ئەو ئاستەنگە زۆر و بەردەوامانەی کە ڕووبەڕووی حکومەتی هەرێم دەبنەوە.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەڵەتییەکان وتی: لەگەڵ کونسوڵی گشتی ئەمریکا ئاماژەمان بە گرنگی هەماهەنگیمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ کرد لە پرسی مافەکانی مرۆڤ وەک بەشداری نووسینگەکەی ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە میانەی شاندەکانی حکومەتی فیدڕاڵ لە بارەگا سەرەکییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە دەرفەتێکە بۆ خستنەڕووی  دەستکەوتەکانی هەرێم وەک نموونەیەکی باشی حوکمڕانی، پێشکەوتن و ئاوەدانی لە چوارچێوەی عێراقی فیدڕاڵدا، ئەمەش کاریگەریەکی ئەرێنی لەسەر راپۆڕتەکانی حکومەتی فیدڕاڵیش هەیە.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی بۆ کونسوڵی ئەمریکا باس کرد کە هەڵپەساردنی سزای لە سێدارەدان و سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و شکۆمەندانەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان یەکێکیترە لەو هەنگاوانەی کە جێی پێزانینە لەلایەن کۆمەڵگای نێودەڵەتییەوە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە هەردوو لا باسیان لە کۆتایی هاتنی ئەرکەکانی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) و پڕۆسەی رادەستکردنی و بەڵگەنامەکانی تاوانەکانی داعش لە هەولێر و دهۆک بە حکومەتی هەرێم، هەوڵەکانی بەرەنگار بوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵییەکان و کۆنترۆڵ کردنی و ئەو تەحەدیاتانەی لەم بارەوە رووبەڕووی حکومەتی هەرێم دەبنەوە ئاماژەیان پێکرا.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا د. دیندار زێباری ئەوەی خستەڕوو کە بەردەوام دەبن لە هەماهەنگییان بۆ پێشخستنی و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ کونسوڵخانەی گشتی ئەمریکا بۆ پاراستنی ئازادییە گشتییەکان و پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ.

هەواڵی پەیوەندیدار

هەولێر … دووەمین کۆنفڕانسی مێدیكاڵ كوردستان به‌ڕێوه‌چوو

سەڵاح

پاڕکێکی گەورە لەهەولێر دروست دەکرێت

یاسین

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی نوێی تورکیا لە هەولێر دەکات

دڵشاد