zagros news agency

پزیشکیان داوای چاکسازی لە سیستەمی ئابووریی جیهاندا دەکات

مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران کە بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکە، لە وتارێکدا سزاکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی دژی ئابووریی وڵاتەکەی بە ستەمکارانە ناو برد و داوای چاکسازیی لە سیستەمی ئابووریی جیهاندا کرد.

جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش دەڵێت، ئێران گەورەترین وڵاتی هەناردەکەری تیرۆریزمە  و ئەگەر دەیەوێت بەشێک لە سیستمی نێودەوڵەتی بێت، پێویستە ڕێزی لێ بگرێت و پێیەوە پابەند بێت.

لە کاتێکدا بەهۆی ناڕوونیی بەرنامەی ئەتۆمێی ئێرانەوە ئەم وڵاتە لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواییەوە توندترین سزای ئابووریی خراوەتە سەر و تووشی هەڵاوسانی خەیاڵی بووە، هەروەها بەهۆی قبووڵنەکردنی مەرجەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی ”ئێف ئەی تی ئێف” بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پارەدارکردنی گرووپە تیرۆریستەکان، پەیوەندیی ئابووریی ئێران لەگەڵ جیهان زۆر دابەزیوە.

مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە یەکەم گوتاریدا لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا سزاکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی دژی وڵاتەکەی بە ستەمکارانە ناو برد و داوای ڕیفۆرمی لە سیستەمی ئابووریی جیهاندا کرد.

پزیشکیان گوتی: ئێمە داوای ڕیفۆرمی خێرا لە پێکهاتەی فەرمانڕەوایی و دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکاندا دەکەین بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لەوەی وڵاتانی لە باری پەرەسەندندا دەتوانن لە بڕیاردان و دانانی نۆرمەکان و پێکهێنانی پێکهاتەیەکی دادپەروەرانە و وەڵامدەر بۆ دابینکردنی پێداویستییە داراییەکانی ئەم وڵاتانەدا بەشدار دەبن.

ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کاردانەوەیدا بەرانبەر ئەو گوتانەی پزیشکیان بە میدیاکانی ڕاگەیاند، ئێران لە ساڵی ١٩٧٩-وە گەورەترین هەناردەکەری تیرۆریزمە لە هەموو جیهاندا.

پاتێل گوتیشی، بەلای ئێمەوە نادادپەروەری ئەو ڕەفتارەیە کە حکوومەتی ئێران لەگەڵ خەڵکی وڵاتەکەی دەکات و هاووڵاتیانی بەهۆی داواکارییە سەرەتاییەکانیانەوە سەرکوت دەکات.

پاتێل جەختیشی کردەوە، ئەگەر ئێران دەیەوێت بەشێک لە سیستمی نێودەوڵەتی بێت، پێویستە ڕێزی لێ بگرێت و پێیەوە پابەند بێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

له‌ بۆردومانێكی سوپای ئیسرائیلدا بۆ سه‌ر ناوچه‌یه‌كی لوبنان 10 كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دا

سەڵاح

ڕاگەیاندراوێک لە وەزارەتی تەندروستییەوە

سەڵاح

رێکخراوی مافی مرۆڤ داوای ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران دەکات

سەڵاح