ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

ئێران داوا لە گروپە شیعەکانی عێراق دەکات، بیانوو بە سوودانی نەگرن

 

 

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ نێوبژیوانیی گرووپە شیعەکانی عێراق سەردانی بەغدای کردووە و داوای لێ‌کردوون دەست لە دژایەتیکردنی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی ئەم وڵاتە هەڵگرن.

بە گوێرەی هەواڵی ڕۆیتەرز، دوای ئەوەی ئیسرائیل لە غەززە و لوبنان گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانی لاواز کردووە، ئەم وڵاتە هەوڵ دەدات سەقامگیریی عێراق بپارێزێت و ناکۆکیی نێوماڵی شیعە لەم وڵاتە چار بکات.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زمان چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی ‌کردووەتەوە، هەفتەی ڕابردوو ئیسماعیل قائانی، فەرماندە‌ی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە سەردانیدا بۆ بەغدا داوای لە گرووپە شیعەکانی ئەم وڵاتە کردووە، دەست لەو باسانە هەڵگرن کە نووسینگەی محەمەد شیاع سوودانی تومەتبار دەکەن بە سیخوڕیکردن بەسەر کاربەدەستانی باڵای وڵاتەکەوە.

ڕۆیتەرز لە زاری حەوت سەرچاوەوە، لەوانە ئەندامانی ئەو گرووپانەی قائانی لەگەڵیان کۆ بووەتەوە، بڵاوی کردووەتەوە، دوای ساڵێک شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ گرووپەکانی سەر بە ئێران لە غەززە و لوبنان و لاوازبوونی ئەو گرووپانە، ئێران هەوڵ‌دەدات ڕێ لەوە بگرێت بەهۆی ناکۆکیی نێوان گرووپە شیعەکانی عێراقەوە ئەم وڵاتەش بەرەو ناسەقامگیری بچێت و ئێران لە ڕێی ئەم گرووپانەوە توانیویەتی بەڕژدی دزە بکاتە نێو عێراقەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز، قائانی داوای لە گرووپەکانی نێو چوارچێوەی هەماهەنگی کردووە، پێگەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لاواز نەکەن.

هۆکاری سەرهەڵدانی ناکۆکییەکانی نێو ماڵی شیعەی عێراق ئەو تۆمەتانەیە دراونەتە پاڵ کەسانێک لە نووسینگەی سوودانی و بە تۆڕی سیخوڕیکردن و گوێگرتن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی کاربەدەستانی باڵای وڵاتەکە ناسراون و ئێستا دۆسیەکەیان لە دادگایە.

قائانی لە دیداری گرووپە شیعەکانی عێراقدا جەختی لەوە کردووەتەوە، لەم کاتەدا کە گرژی و تێکهەڵچوونەکانی ناوچەکە پەرەیان سەندووە، پاراستنی سەقامگیریی عێراق زۆر گرنگە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەمریکا لە هەوڵەکان بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە رۆژئاوای کوردستان نیگەرانە

سەڵاح

هێرشیک بۆ سەر باشووری حەلەب ٣٦ کوژراوی لێکەوتەوە

سەڵاح

زیقار.. کارمەندێکی ئاسایش لەکاتی دەستگیرکردنی بازرگانێکی ماددە هۆشبەرەکان کوژرا

سەڵاح