ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس

هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا سێ شاری گرنگی یەمەنیان كردۆته‌ ئامانج

 

کەناڵی ئەلمەسیرەی حوثییەکانی یەمەن بڵاویکردەوە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا سێ شاری ژێر کۆنتڕۆڵی حوثییەکانییان لە یەمەن کردووەتە ئامانج، بە سەنعای پایتەختی یەمەن و شاری حودەیدەشەوە.

ئەلمەسیرە باسی لەوە کرد چوار هێرشی ئاسمانی کراونەتە سەر سەنعا و حەوت هێرشی دیکە کراونەتە سەر حودەیدە، لە حودەیدە پەیامنێرانی دەزگای هەواڵی فرانس پرێس دەڵێن گوێیان لە دەنگی تەقینەوەی گەورە بووە.

ئەلمەسیرە وتی لانیکەم یەک هێرشی ئاسمانی دامەری باشووری پایتەختی کردووەتە ئامانج.

ئەمەریکا هیچ لێدوانێکی لەوبارەیەوە نەداوە و کەناڵەکەش باسی لە زیانە گیانی و ماددییەکان نەکرد.

لە مانگی یەکەوە واشنتن بەردەوام ئامانجەکانی حوثییەکانی لە یەمەن کردووەتە ئامانج، ئەو کارەشی وەکو وەڵامێک بووە بۆ هێرشەکانی حوثییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەندا.

حوثییەکان دەڵێن هێرشەکانییان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان کە بوونەتە هۆی تێکدانی هاتوچۆی دەریایی لەو ڕێڕەوە ئاوییە گرنگەدا، وەکو دەربڕینی پشتیوانین بۆ فەلەستینییەکانی غەززە دژی ئیسڕائیل.

ئیسڕائیلیش بە هەمان شێوە لە وەڵامی هێرشەکانی حوثییەکاندا هێرشی کردووەتە سەرییان، مانگی ڕابردوو ئیسڕائیل هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر حودەیدە و لانیکەم پێنج کەسی کوشت، ئەوەش دوای ئەوەی حوثییەکان وتییان فڕۆکەخانەی بێن گوریۆنی ئیسڕائیلییان بە موشەکێک کردووەتە ئامانج.

هێرشە ئاسمانییە نوێیەکان ڕۆژێک دوای ئەوە دێت حوثییەکان وتییان لە ڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشییان کردووەتە سەر تەل ئەڤیڤ. سوپای ئیسڕائیل وتی بەرپەرچی ” هێرشێکی ئاسمانی گومانلێکراوییان داوەتەوە ” لە دەرەوەی ناوەڕاستی ئیسڕائیل.

ڕۆژی چوارشەممە حوثییەکان وتییان موشەکێکی کروزییان ئاڕاستەی ئیسڕائیل کردووە، ئەوەش دوابەدوای هێرشە موشەکییەکەی ڕۆژی سێشەممەی ئێران بۆ سەر ئیسڕائیل.

ڕۆژێک پێش ئەوەش حثییەکان لە هێرشی جیا جیادا زیانییان بە دوو کەشتی گەیاند لە دەرەوەی کەناری یەمەندا.

 

voa

هەواڵی پەیوەندیدار

هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ئەمشەو لەبارەی كارەبا لە عێراق كۆ دەبێتەوە

یاسین

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران: پڕۆژەی تۆڕی ئاوی خواردنەوەی بادلیان و دێلزیان دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە

یاسین

ئەمەریکا و ئوردن له‌ ڕێی په‌ره‌شووته‌وه‌ یارمەتی زیاتریان گه‌یاندووه‌ته‌ غەززە

سەڵاح